چاودێریی بازرگانیی هەولێر: حەوت شوێن بەهۆی داشکاندنی ناڕاست و چەواشەکاریی داخراون و سزای توند دەدرێن
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داشکاندنی ناڕاست و چەواشەکاریی دەست پێ کردووە و تەنیا لە ئەمساڵدا دەیان شوێن سزای دارایی دراون و ژمارەیەکیشیان داخراون.
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی داشکاندن و ڕێگری لە فێڵی بازرگانی ڕایگەیاند، چاودێرییەکی وردی بازاڕ دەکەن بۆ ئەوەی داشکاندنەکان ڕۆڵیان هەبێت لە ڕێکخستنەوەی بازاڕ و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، نەک بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ چەواشەکاری.
داشکاندنی وەهمی و داخستنی فرۆشگاکان
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی ئاماژەی بەوە دا، بەشێک لە فرۆشگاکان، بەتایبەت ئەوانەی جلی مارکە دەفرۆشن، بانگەشەی داشکاندنی گەورە تا ئاستی 80% دەکەن، بەڵام بەدواداچوونی لیژنەکان دەریانخستووە کە زۆربەی ئەو بانگەشانە دوورن لە ڕاستییەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ 9 لیژنەی تایبەت سەردانی مەیدانیی چەندین مۆڵ و مارکێتیان کردووە.
بەهۆی بوونی فێڵ و دەستکاریکردنی نرخەکانەوە، فرۆشگایەکی گەورە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ داخراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دەرکەوتووە نرخەکان پێشوەختە بەرز کراونەتەوە و دواتر بە ناوی داشکاندنەوە دابەزێنراون بۆ نرخی پێشوو.
شێوازەکانی فێڵکردن
سەبارەت بە میکانیزمی ئاشکراکردنی فێڵەکان، هۆگر عەلی ڕوونی کردەوە، هەندێک فرۆشیار نرخی نوێ بە لەزگەیەک دەدەن لەسەر نرخی کۆن، کاتێک لەزگە نوێیەکە لادەدرێت، دەردەکەوێت کە نرخەکە نەگۆڕاوە یان جیاوازییەکەی زۆر کەمە، نموونەی ئەوەی هێنایەوە کە قاتێک نرخی 400 دۆلاری لەسەر دانراوە و گوایە بۆ 180 دۆلار دابەزێنراوە، بەڵام نرخی ڕاستەقینەی خۆی هەر لەو ئاستەدا بووە.ڕێکار و مەرجەکانی داشکاندن
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردووەتەوە، هەر شوێنێک بیەوێت داشکاندن بکات، دەبێت 10 ڕۆژ پێشوەختە بە فەرمی داواکاری پێشکەش بکات و لیستێکی ڕاستەقینەی نرخەکانی ئێستا و دوای داشکاندنەکە بخاتە ڕوو، هەروەها هۆشداری دراوە کە بەکارهێنانی دەستەواژەی سۆزداری وەک فرۆشتن بە زەرەر یان "داشکاندنی کۆتاییبەبێ بنەما، ڕێگەپێدراو نییە.ئاماری سزاکان
بەگوێرەی ئامارەکانی چاودێریی بازرگانیی هەولێر، ئەمساڵ سەردانی 110 شوێن کراوە، لەو ژمارەیە 27 شوێن سزای دارایی دراون و 7 شوێنیش بە یەکجاری داخراون. کۆی گشتیی پارەی سزاکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 13 ملیۆن و 150 هەزار دینار.
هۆشداریی
هۆگر عەلی هۆشداریی دایە خاوەن کارەکان، هەرکەسێک هەوڵی بەکارهێنانی پەیوەندیی تایبەت (واستە) بدات بۆ کەمکردنەوەی سزاکەی، ئەوا بڕی سزاکەی بۆ دوو هێندە زیاد دەکرێت، هاوکات داوای لە هاووڵاتییان کرد لەکاتی کڕیندا وردبین بن و ئەگەر گومانیان لە نرخەکان هەبوو، لەزگەی سەر نرخەکان لاببەن بۆ بینینی نرخی ڕەسەن و لە هەر سەرپێچییەک تیمەکانیان ئاگادار بکەنەوە.
