کابینەی نۆیەم کەرتی کشتوکاڵی بووژاندووەتەوە

لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات، جووتیاران ئاماژە بەوە دەدەن بەهۆی پشتیوانییەکانی حکوومەت و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانەوە، توانیویانە ڕووبەری زەوییە چێندراوەکانیان فراوانتر بکەن و لە هەر چوار وەرزەی ساڵدا بەرهەمیان هەبێت.

موخلیس خدر، یەکێکە لەو جووتیارانەی کە سوودی لەو پشتیوانییانە بینیوە، بە کوردستان 24ی گوت: پێشتر تەنیا توانای چاندنی 5 بۆ 6 دۆنم زەویمان هەبوو، چونکە تێچووی سووتەمەنی زۆر بوو و کارەباش نەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی باشتربوونی خزمەتگوزارییەکانەوە، ڕووبەری چاندنم بۆ 20 دۆنم زیاد کردووە.

ئەو جووتیارە داواکارییەکیشی ئاراستەی حکوومەت کرد سەبارەت بە دروستکردنی بەنداو لە ناوچەکەیان و دەشڵێت: ئەگەر بەنداوێک لەم دەڤەرە دروست بکرێت، واز لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی دەهێنین کە خەریکە کەم دەکات، بەمەش دەتوانم ڕووبەری چاندن بگەیەنمە 50 بۆ 60 دۆنم، چونکە ئاوی سەر زەوی بۆ بەروبووم زۆر باشترە.

لە لایەکی دیکەوە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی پلانی ستراتیژییەوە کار بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات و ڕەخساندنی هەلی کار.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا: دروستکردنی 11 بۆ 12 سایلۆی گەورە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەستکەوتێکی گرنگ بوو، وای کردووە جووتیاران بتوانن بەرهەمەکانیان لە نزیکترین شوێن و بە شێوەیەکی پارێزراو کۆگا بکەن و بە بازاڕی بکەن.

گوتیشی: "توانای کۆگاکانی ساردکەرەوە (سارخانە) زیادیان کردووە، هاوکات لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، سنوورەکان کۆنترۆڵ دەکرێن و باج دەخرێتە سەر بەرهەمی هاوردە بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیاران."

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری، هەنگاوی کردەیی بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران ناوە، لە وانە هەناردەکردنی بەرهەمەکان (وەک پەتاتە) بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، ئەمەش وای کردووە جووتیاران بەرهەمەکانیان هەمەجۆرتر بکەن و ڕووبەری چاندن زیاد بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment