ڕەوتی نیشتمانیی شیعە دەرگای سەرۆکوەزیران لەسەر نووری مالیکی دادەخات
سەرکردایەتیی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بە ڕاشکاوی دژایەتیی خۆی بۆ گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ سەر کورسیی دەسەڵات ڕاگەیاند و بایکۆتی سیاسیی خۆیشیان وەک پەیامێکی ناڕەزایەتی وەسف کرد.
ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆی سەبارەت بە ئەگەرەکانی کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی، ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا کرد، سەرکردەیەکی باڵای ئەو ڕەوتە جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابن مالیکی ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
مەترسیی دووبارەبوونەوەی قەیرانەکان
بەپێی زانیارییەکان، ڕەوتی سەدر کاندیدکردنەوەی مالیکی وەک هەنگاوێک بۆ درێژەدان بەو شکست و گەندەڵییانە دەبینێت کە ساڵانێکە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لە دیدی ئەوانەوە، گەڕانەوەی ناوبراو نەک هەر نابێتە هۆی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی، بەڵکو قووڵکردنەوەی قەیرانەکانە.![]()
بەغدا
تاکتیکی بایکۆت و مانەوە
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕەوتەکە، ئەو سەرکردە باڵایە ڕوونی کردووەتەوە، بڕیاری بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی بە واتای کشایەوەی یەکجارەکی و چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە نایەت، بەڵکو ئەم هەنگاوە پەیامێکی ڕوونی ناڕەزایەتییە دژی ئەو سیاسەت و شێوازە حوکمڕانییەی کە لە ئێستادا لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێت و ڕەوتەکە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردن و کاریگەریدانان لەسەر هاوکێشەکان.
