ڕۆیتەرز: ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە دژی ڤەنزوێلا دەکات
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئەمەریکا لە چەندین ڕۆژی داهاتوودا، ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە دژی ڤەنزوێلا دەستپێدەکات.
ئاژانسەکە لە زاری چوار بەرپرسی ئەمەریکییەوە ئاشکرای کردووە، سوپای ئەمەریکا هێزەکانی لە دەریای کاریبی و نزیک سنوورە دەریاییەکانی ڤەنزوێلا جێگیر کردووە.
بەرپرسەکان گوتیان، ئۆپەراسیۆنی نهێنی ڕەنگە قۆناخی یەکەمی هەنگاوە سەربازییەکانی ئەمەریکا بێت دژی ڤەنزوێلا.
"ترەمپ هەموو دەسەڵاتێک بەکاردەهێنێت"
ڕۆژی شەممە، 22ـی تشرینی دووەم، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئامادەیە هەموو دەسەڵاتێکی بەکار بهێنێت، لەپێناو ڕێگریکردن لە قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ناو وڵاتەکەمان و گەیاندنی بەرپرسیاران بە دادگا.
هاوکات، گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری هێزی دەریایی ئەمەریکا، کەشتیی (USS Gerald R. Ford)، لە 16ی ئەم مانگە گەیشتە کەنارەکانی کاریبی و لانیکەم پەیوەندی بە حەوت کەشتی جەنگی دیکە و ژێردەریایی ئەتۆمی و فڕۆکەی جەنگی ئێف-35ەوە کردووە.
ئیدارەی ترەمپ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای تۆمەتبار دەکات، بەوەی ڕۆڵی هەیە لە قاچاخی ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە بۆ ئەمەریکا دەگوازرێنەوە و بووەتە هۆی کوشتنی سەدان ئەمەریکی؛ بەڵام سەرۆکی ڤەنزوێلا ڕەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبێت.
ئیدارەی ترەمپ ماوەیەکە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ڤەنزوێلا، لەوانە سەپاندنی سزای توند بەسەر کەرتی نەوتی و سڕکردنی سەروەت و سامانەکانی بەرپرسانی حکوومەت.
ئەم سیاسەتانە لەکاتێکدان قەیرانێکی ئابووری و مرۆیی گەورە وایکردووە ملیۆنان هاووڵاتی ڤەنزوێلا وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن.
