لە ڕێگای ئەلیکترۆنییەوە فێڵ لە فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت

بەگوێرەی زانیارییەکان، دیاردەیەکی مەترسیداری فێڵکردن و دزینی پارە لە عێراق سەری هەڵداوە کە تێیدا فەرمانبەران و خانەنشینان دەکرێنە ئامانج. باندەکان لە ڕێگەی ژمارەی نەناسراو و پەیجی وەهمییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندی بە هاووڵاتییانەوە دەکەن و بە بیانووی پێدانی قەرز یان نوێکردنەوەی کارتە بانکییەکان، زانیارییەکانیان دەبەن و دەیان ملیۆن دیناریان لێ دەدزن.

باندەکان خۆیان وەک فەرمانبەری بانک یان لایەنی فەرمی دەناسێنن و بەڵێنی قەرز یان داوای نوێکردنەوەی زانیاری دەکەن، بەمەش قوربانییەکان دەخەنە تەڵەوە و پارەکانیان دەبەن.

سەلام زوبەیدی، چاودێر، هۆشداری دەدات کە ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان پارەیەکی زۆر لەدەست بدەن و متمانەیان بە دامەزراوە فەرمییەکان و بانکە حکوومییەکانیش نەماوە.

ئەو چاودێرە بە کوردستان24 گوت: زۆرێک لە پەیجەکان فێڵ لە هاووڵاتییان دەکەن و خۆیان وەک لایەنی فەرمی نیشان دەدەن و تا ئێستا پارەیەکی زۆریان لە هاووڵاتییان دزیوە، واتا بەڕاشکاوانە بەهۆی ئەو فێڵ و ساختەکارییانەوە، هاووڵاتییان پارەی زۆریان لەدەستداوە، ئەمەش دیاردەیەکی مەترسیدارە و هۆکارە بۆ ئەوەی تەنانەت هاووڵاتییان متمانەی دامەزراوە فەرمییەکانیش لەدەست بدەن، واتا ئەمە تەنانەت ڕەنگدانەوەی لەسەر بانکە حکوومییەکانیش دروست کردووە.

ئەسیر شەرع، چاودێرێکی دیکە، گومانی هەیە کە ئەم کارە بەبێ هاوکاریی ناوخۆیی بکرێت. ئەو دەڵێت: "چۆن ئەم باندە فێڵبازانە دەزانن کێ کارتی (کی کاد)ی هەیە و ژمارەکانیان دەست دەکەوێت؛ هاوکات پێی وایە هاوکاری لەنێوان باندەکان و بەشێک لە کارمەندان و تەنانەت بەڕێوەبەری بانکەکاندا هەیە کە داتابەیس و زانیاریی فەرمانبەرانیان پێ دەدەن، بۆیە داوا دەکات دامەزراوەکان لەم کەسانە پاک بکرێنەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment