ئه‌سۆشێیتد پرێس: هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی هه‌بووه له كوشتنی ئه‌بومحه‌ممه‌د میسری
ئێران چیرۆكه‌كه‌ی ره‌تده‌كاته‌وه

K24 – هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی ئهسوشێیتد پرێس، بڵاویكرده‌وه، هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی هه‌بووه له كوشتنی ئه‌بو محه‌ممه‌دی میسری، كه مه‌زنده ده‌كرا كه‌سی دووه‌می رێكخراوی قاعیده بێت.
به گوێره‌ی زانیاری ئاژانسه‌كه، ئه‌بو محه‌ممه‌د میسری، ناوی راسته‌قینه‌ی "عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا"یه و رۆژی (7ی ئاب/ ئۆگستی 2020) له تاران له لایه‌ن دوو سیخوڕی ئیسرائیله‌وه ته‌قه‌ی لێكراوه و كوژراوه.
ئاژانسه‌كه باسی له‌وه‌شكردووه، هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا شوێنپێی ئه‌و به‌رپرسه‌ی قاعیده‌ی هه‌ڵگرتووه و زانیارییه‌كانی داوه‌ته ئیسرائیل.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، كرده‌كه له لایه‌ن ئه‌ندامانی یه‌كه‌ی "كیدون"ی سه‌ر به هه‌واڵگری ئیسرائیل (مۆساد)، ئه‌نجامدراوه.
ئاماژه‌ش به‌وه كراوه، كوشتنی ئه‌و به‌رپرسه‌ی رێكخراوی قاعیده هاوكات بووه له‌گه‌ڵ 22ه‌هه‌مین ساڵیادی ئه‌و هێرشانه‌ی قاعیده كردنییه سه‌ر باڵیۆزخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له كینیا و ته‌نزانیا و ئه‌مه‌ریكا بڕوای وایه، ئه‌بو محممه‌دی میسری نه‌خشه‌ی هێرشه‌كانی كێشاوه.
دوێنێ، رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز" ئه‌و چیرۆكه‌ی بڵاوكردبوویه‌وه، به‌ڵام به‌رپرسانی ئێرانی ره‌تیده‌كه‌نه‌وه رووداوی له‌و جۆره له تاران روویدابێت.
به گوێره‌ی لێدوانی "سه‌عید خه‌تیبزاده" گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، هه‌ریه‌ك له واشنتن و ته‌لئه‌بیب، ناو به‌ناو هه‌واڵی له‌و جۆره بڵاوده‌كه‌نه‌وه و له رێگه‌ی درۆ و زانیاری هه‌ڵبه‌ستراو ده‌یانه‌وێت تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان ئێران و رێكخراوی قاعیده درووست بكه‌ن.