ئێران هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت ئیدانە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلی بۆ سەر باشووری بەیرووت ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی ئاگربەست و سەروەری لوبنان ناوی دەبات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی فڕۆکە ئیسرائیلییەکانی بۆ سەر دەوروبەری باشووری بەیرووت ئیدانە کرد، کە بووە هۆی کوژرانی هەیسەم تەباتەبایی، فەرماندەی باڵای سەربازیی حزبوڵڵا.
لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم هێرشە ئاسمانییەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا"ی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان و "هێرشێکی دڕندانە" بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی لوبنان و سەروەریی نیشتمانیی لوبنان وەسف کرد.
هەروەها جەختی لەسەر پێویستی "دادگاکردن و سزادانی سەرکردەکانی ئەم دەسەڵاتە لەسەر ئەنجامدانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە و تاوانی جەنگ" کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەسەر "پێشێلکارییە دووبارەکانی ئاگربەست و بێهەڵوێستی و بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکان".
ڕۆژی یەکشەممە، ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا هەیسەم تەباتەبایی، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵای کوشت. بەگوێرەی وتەی دەسەڵاتدارانی لوبنان، ئەم هێرشە پێنج کوژراوی لێکەوتووەتەوە. ئەمە پێنجەمین هێرش بوو بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیرووت لەدوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ساڵێک لەمەوبەر. تەبتەبایی بەرزترین بەرپرسی حزبوڵڵایە کە لەدوای کۆتاییهاتنی ململانێ خوێناوی و یەکساڵەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا کوژراوە. حزبوڵڵا لەو ململانێیەدا لاواز دەرکەوت، دوای ئەوەی ئیسرائیل بەشێکی زۆری جبەخانەکەی لەناوبرد و ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی کوشت.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە هێرشەکەیان لە ناوچەی بەیرووت ئەنجام داوە، لە ئەنجامدا "هەیسەم عەلی تەباتەبایی، سەرۆکی ئەرکانی حزبوڵڵای لوبنان" کوژرا.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ، حزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا کوژرانی ئەو سەرکردەیەی پشتڕاست کردەوە و ماتەمینی بۆ چوار ئەندامی دیکەی ڕێکخراوەکە گرت، کە شانبەشانی تەباتەبایی لە هەمان هێرشدا کوژرابوون.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنەکەی بە ورد و سەرکەوتوو وەسف کرد و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "سیاسەتی من بە تەواوی ڕوونە: لەژێر سەرکردایەتی مندا دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێگە بە حزبوڵڵا نادات هێزی خۆی بنیات بنێتەوە، و ئێمەش ڕێگە نادەین جارێکی دیکە مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بکاتەوە."
دووپاتیشی کردەوە کە پێشبینی دەکات حکوومەتی لوبنان "بەڵێنی خۆی بە چەکداماڵینی حزبوڵڵا جێبەجێ بکات."
دەسەڵاتدارانی لوبنان بەردەوام پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلیان شەرمەزار کردووە، لەنێویاندا بەردەوامی داگیرکردنی پێنج پێگەی ستراتیژی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری لوبنان، سەرەڕای ئەوەی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا مەرجی کشانەوەی ئەو وڵاتەی لەو هەڵوێستانەی لە کاتی شەڕدا پێشڕەوی کردبوو. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لەدوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەوە تا ئێستا زیاتر لە 331 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و 945 کەسی دیکەش برینداربوون.
