وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک لە لوبنانەوە نادەین
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی "بەردەوام دەبێت ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەک کە لە لوبنانەوە سەرهەڵبدات".
کاتز ڕایگەیاند "ئیسرائیل دەستی هەر کەسێک دەبڕێت کە بیەوێت هێرش بکاتە سەری"، و جەختی کردەوە، "گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش7ـی تشرینی یەکەم ڕێگەپێدراو نییە".
گوتیشی: "من و سەرۆک وەزیران سوورین لەسەر بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لە لوبنان و لە هەموو شوێنێکی دیکە، و ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەک دەکەین بۆ سەر دانیشتوانی باکوور و بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل".
ڕۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2025،سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: لە هێرشێکدا یەکێک لە دیارترین فەرماندە باڵاکانی بزووتنەوەی حزبوڵڵایان لە باشووری بەیروت پایتەختی لوبنان کردووەتە ئامانج.
لەم بارەیەوە میدیاکانی ئیسرائیل، بەتایبەت ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنووت، ئاشکرایان کردووە، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە (ئەبو عەلی تەبتەبایی) بووە، کە بە کەسی دووەم و فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی حزبوڵڵا دادەنرێت، تەبتەبایی کەسایەتییەکی کاریگەری نێو بزووتنەوەکەیە و پێشتر سەرپەرشتی و فەرماندەیی هێزەکانی حزبوڵڵای لە سووریا و یەمەن کردووە، هەروەها لە ساڵی 2016ـەوە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە ناوی لە لیستی تیرۆردا تۆمار کراوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە لە کاتێکدایە کە لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لایەنی لوبنانی بەردەوام ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە تۆمەتبار دەکات و ئاماژە بەوە دەدەن کە سوپای ئیسرائیل لە پێنج ناوچەی جیاوازی ناو خاکی لوبناندا درێژەی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی داوە.
لای خۆیەوە ڕۆدۆڵف هەیکەل، فەرماندەی گشتیی سوپای لوبنان، لە ساڵیادی سەربەخۆیی وڵاتەکەیدا نیگەرانیی خۆی نیشان داوە و ڕایگەیاندووە کە بەردەوامیی جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل و مانەوەیان لە ناو خاکی لوبنان، بووەتە ڕێگر لەبەردەم بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکانی لوبنان لە ناوچە سنوورییەکان بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی خاکەکەیان.
