پاکستان .. لە هێرشێکی خۆکوژیدا سێ پۆلیس کوژران
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر بنکەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ پۆلیس کوژران.
ئاژانسی فرانسی پرێسی فەرەنسی لە زاری مەیان سەعید، فەرماندەی پۆلیسی پێشاوەر بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، لە بەردەم بنکەیەکی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە شاری پێشاوەری، خۆکوژێک خۆی بە ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە سێ ئەندامی پۆلیسی فیدراڵی کوژراون و چوار پۆلیسی دیکەش برینداربوون.
فەرماندەکەی پۆلیسی پاکستان ئەوەشی ڕاگەیاندووە، دوای هێرشە خۆکوژییەکەی یەکەم، هێزەکانی پۆلیس توانیویانە دوو هێرشکەری دیکە بکوژن، بەڵام ناسنامەی هێرشکەرەکانی ئاشكرا نەکردووە.
شاری پێشاوەر ناوەندیی هەرێمی خەیبەر پەختونخوایە و لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان دەکەوێتە نزیک سنووری ئەفغانستان، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات، چەند جارێک شەڕو پێکدادان لە نێوان سوپای پاکستان و هێزەکانی تاڵیبانی حکوومەتی ئەفغانستان ڕوویداوە.
