شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیی عێراقییەکان

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، سەرکۆنەی هێرش کردنە سەر کێڵگەی غازی کرۆمۆر دەکات و دەڵێت: هێرشەکە کردەوەیەکی تیرۆریستییە، کە ئامانج لێی ڕێگریکردن و دواخستنی هەوڵەکانە بۆ سەقامگیرکردنی ئەمنی و ئابووریی وڵاتەکە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کاتژمێر 11:30 شەوی چوارشەممە کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتە بەر هێرشێکی خیانەتکاران، کە بووە هۆی سووتاندنی یەکێک لە کۆگا سەرەکییەکانی غاز لە کێڵگەکەدا.

بە پێێ ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ئەو هێرشە هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، جەختی لەوە کردەوە، هێرش کردنە سەر کۆرمۆر کردەوەیەکی تیرۆریستییە، کە ئامانج لێی ڕێگریکردن و دواخستنی هەوڵەکانە بۆ سەقامگیرکردنی ئەمنی و ئابووریی وڵاتەکە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، بە ئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کاریگەرییکەی نەرێنی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا دەبێت بە تایبەت لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دووپاتی کردەوە، بکەرانی ئەم هێرشە و ئەوانەی دەستیان لەو کارە خیانەتکارە و ترسنۆکییەدا هەبووە، دەدرێنە دادگا.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا،  بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.

هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتنەکانی ڕووداوەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەکەوەش تەقەیان لێ کرابوون.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا.