هەوای ئێران تا ئاستێکی مەترسیدار پیس بووە
پیسبوونی هەوا کێشەیەکی درێژخایەنی بۆ ئێران دروستکردووە و بە تایبەت بەهۆی کاریگەری و مەترسییەکانەوە دۆخی هەوای تارانی پایتەخت بە ڕەنگی سوور دیاری کراوە.
هەوای تاران بۆ ئاستێکی ناتەندروست دابەزی و پێوەرەکەی گەیشتە 184خاڵ. بەهۆی ئەم دۆخەوە، میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، شاری تاران ڕێوشوێنی بەپەلەی گرتووەتەبەر، لەوانە داخستنی باخچەی ساوایان و نەمامگەکان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ.
لە ئەنجامی ئەم تەم و مژە مەترسیدارە، ژمارەیەک لە دانیشتووان گلەیی و گازندەیان لە تەنگەنەفەسی و کەمبوونەوەی توانای بینین کردووە.
شەپۆلی پیسبوونی هەوا تەنیا تارانی پایتەختی نەگرتووەتەوە، بەڵکو پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز و یەزدیشی گرتووەتەوە، بەهۆی مەترسیی دۆخەکە لەسەر تەندروستیی گشتیی.
پیسبوونی هەوا کێشەیەکی درێژخایەنە لە ئێراندا، کە دەردانی گازی ژەهراوی لە ئۆتۆمبێلە کۆنەکانەوە هۆکارێکی سەرەکی ئەم کێشەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی یونیسێف، پیسبوونی هەوا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستیی منداڵان، ئامارەکان دەریدەخەن کە کاریگەرییەکانی هەوای پیس ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
