بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم: کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوبەشان کەم کرانەوە
بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، دوو هەزار و 600 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی کەمی کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، جێگری بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: بەر لە هێرشکردنە سەر کۆرمۆر نزیکەی 4 هەزار مێگاوات کارەبا لە نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان هەبوون.
هاوکات ئاشکرای کرد، بەهۆی هێرشەکەوە دوو هەزار و 600 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبا بە هاوبەشان.
جێگری بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: ئێستا هەزار و 500 مێگاوات کارەبامان لەبەر دەست ماوە، ئەویش بە یەکسانی دابەشی سەر هاوبەشان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەکەین.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتنەکانی ڕووداوەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی گازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەکەوەش تەقەیان لێ کرابوون.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا.
