دوای 10 ساڵ، هێشتا ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکاندا دەژین

منداڵی ئاوارەکانی شنگال کە لە کەمپەکاندا لەدایکبوون، ئێستا تەمەنیان گەیشتووەتە 10 ساڵ و هێشتا زێدی باوباپیرانیان نەبینیوە. 

سەرەڕای سەختیی ژیانی ئاوارەیی لە 12 کەمپی پارێزگای دهۆک، یەک داواکارییان هەیە: گەڕانەوە بۆ شنگال. بەڵام ئەم داواکارییە ڕووبەڕووی وێرانەی شارێک و گوێنەدانێکی بەردەوامی حکومەت بووەتەوە.

ئاوارەکان ماندوون و ژیانی ناو کەمپەکان بە "نەخۆشترین ژیان" ناودەبەن. تەحسین بردۆن، یەکێک لە ئاوارەکان، بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەتەوە دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە شوێن و ماڵی خۆمان، بەڵام ماڵمان نییە، زەویمان نییە."

 ئەو ئاماژە بەوە دەکات، خانووەکانیان بە تەواوی ڕووخاون و حکوومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی نەکردوون بۆ ئاوەدانکردنەوەی؛ "دەبێت حکوومەت زەویمان بداتێ، چۆن دەبێت خەڵک بگەڕێتەوە بۆ سەر ماڵی وێرانکراوی خۆی؟"

ئەم دۆخە تەنها گلەیی ئاوارەکانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵکو بووەتە جێگەی نیگەرانیی نێودەوڵەتیش. نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، محەمەد حەسسان، لە گوتارێکدا بە سەرسوڕمانەوە پرسیاری کرد: "ئایا جێی قبووڵە دوای زیاتر لە 10 ساڵ، هێشتا خەڵک لە کەمپەکانی ئاوارەییدا بژین؟"

هاوکات، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوا دەکات هەوڵی جدی بگیرێتەبەر بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و جەخت لەوە دەکاتەوە "پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی مرۆیی خۆی جێبەجێ بکات."

چالاکوانێکی شنگالی بەناوی سفیان پیر، قسەکانی نوێنەرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە "جدی" وەسف دەکات و ڕەخنەی توند لە حکوومەتی عێراق دەگرێت. ئەو، دەڵێت: "حکوومەتی عێراقی ئاوارەکانی پشتگوێ خستووە، نە قەرەبووی خەڵکی کردووەتەوە و نە هاوکارییان دەکات." ئەو پێی وایە مانەوەی ئاوارەکان لەم دۆخەدا "سود"ی بۆ هەندێک لایەنی حکوومی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هەیە کە "لەسەر حسابی ئێمە پارە وەردەگرن."

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 60%ی شنگال هێشتا وێرانە و زیاتر لە 10 هەزار خانوو بە تەواوی ڕووخاون. هەرچەندە تا ئێستا 49 هەزار خێزان قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر ماون و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و تەندروستی لە ئاستێکی زۆر نزمدان. ئەمەش وایکردووە گەڕانەوە بۆ زۆرێک لە خێزانەکان ئەستەم بێت.

ڕۆژ بە ڕۆژ، ژیانی ئاوارەکانی شنگال لەناو کەمپەکاندا "پەرێشان و زەحمەتتر" دەبێت. لەکاتێکدا ئەوان چاویان لە گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانەیە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام دۆخی ئەمنی نائارام، وێرانکارییەکی بەرفراوان و پشتگوێخستنی بەردەوام، ئاسۆی ئەم گەڕانەوەیەی لێڵ کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment