ئۆکرانیا و ئەمەریکا ڕەشنووسی پلانی ئاشتی هەموار دەکەنەوە
ئەمەریکا و ئۆکرانیا بۆ دارشتنی پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا بەردەوامن، پاش ئەوەی لەسەر هەموارکردنی پێشنیازێکی پێشوو ڕێککەوتن کە بەگشتی وا دەبینرا زیاتر لە بەرژەوەندی مۆسکۆدایە.
دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەم 2025. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە "ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە دوای دانوستانەکانی ڕۆژی یەکشەممە لە جنێڤ، ڕەشنووسی 'چوارچێوەیەکی ئاشتی گونجاو'یان ئامادە کردووە، بەڵام وردەکارییەکانیان نەخستەڕوو."
کۆشکی سپی ڕایگەیاند "شاندی ئۆکرانیا پێیان ڕاگەیاندوون هەموارەکە 'وەرامدانەوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان و پێداویستییە ستراتیجییە سەرەکییەکانیانە" هەرچەندە کیێڤ لەم بارەیەوە هیچی ڕانەگەیاندووە.
تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە کە پلانی نوێکراوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک پرسدا دەکات؛ لەوانە، چۆنییەتی مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا لە دژی هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕووسیا.
بەرپرسانی ئەمەریکایی و ئۆکرانی بە میدیاکانیان ڕاگەیاند "پێش وادەی کۆتایی واتە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، بە چڕی کار لەسەر خاڵەکانی پرۆژەکە دەکەن." هەرچەندە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کە سەرۆکایەتیی شاندی ئەمەریکای دەکرد لە دانوستانەکاندا، درەنگانی ڕۆژی یەکشەممە گەڕایەوە واشنتن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بەردەوام بووە لە فشار خستنە سەر ئۆکرانیا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. ترەمپ، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، گوتی: ئۆکرانیا هیچ سوپاسگوزارییەکی بۆ هەوڵەکانی ئەمەریکا لەپێناو کوتاییهێنان بە جەنگ نیشان نەداوە." ئەمەش وایکرد بەرپرسانی ئۆکرانیا جەخت لەسەر سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ پشتگیرییەکانی ترەمپ بکەنەوە.
ترەمپ پێشتر وادەی ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 27ـی تشرینی دووەمی بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی دیاری کربوو بۆ ئەوەی پلانی ئاشتی قبووڵ بکات، بەڵام مارکۆ ڕۆبیۆ، دواتر ڕایگەیاند، مەرج نییە ئەوە دوا دوادە بێت.
بەپێی سەرچاوە ئاگەدارەکان، ڕەنگە زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا سەردانی ئەمەریکا بکات بۆ گفتوگۆ دەربارەی هەستیارترین لایەنەکانی پلانەکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ.
پێشنیازی سەرەتایی 28-خاڵی، کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەمەریکاوە خرایە ڕوو، داوا لە ئۆکرانیا دەکات دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی بێت و توانا و ژمارەی سوپاکەی کەم بکاتەوە و واز لە هەوڵی بوونە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ بهێنێت.
یاسادانەرانی دیموکرات ڕەخنەیان لەو پێشنیازە گرت و بە دانپێدانانی 'لیستی داخوازییەکانی ڕووسیا' وەسفیان کرد، بەڵام مارکۆ ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن ئەو پێشنیازەی لەسەر بنەمای ڕاوێژ لەگەڵ هەردوو لایەنی جەنگەکە، دارشتووە.
هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمەریکا گوتیان "لە داڕشتنی ئەو پلانەدا بەشدار نەبوونە."
دوێنێ، یەکشەممە، ئەوان پێشنیازێکی دیکەیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ڕووبەری ئەو خاکەی پێشنیازکراوە بۆ ئەوەی ئۆکرانیا دەستبەرداری ببێت، کەم کراوەتەوە و گرەنتی ئەوەش دەداتە ئۆکرانیا لە ئەگەری هێرشکرانە سەری لە لایەن ڕووسیاوە، ناتۆ و ئەمەریکا بەرگریی لێ بکەن.
