ئەردۆغان پێشوازی لە سەردانی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵی دەکات

ئەردۆغان لە نێو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە (وێنە: AA)
ئەردۆغان لە نێو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە (وێنە: AA)

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە گەلی سووریا خۆی بڕیار لە چارەنووسی وڵاتەکەی بدات و گوتی: "یەکپارچەیی خاکی سووریا بۆ ئێمە بنەمایەکی سەرەکییە."

ئەردۆغان، لە کاتی گەڕانەوەی لە کۆماری باشووری ئەفریقا کە بۆ بەشداری لە لووتکەی سەرکردەکانی G20 سەردانی کردبوو، لەناو فڕۆکەکەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

"یەکپارچەیی خاکی سووریا بۆ ئێمە بنەمایە"

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا باشترین وڵاتە کە لەوە تێدەگات بچووکترین ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە سووریا چ باجێکی قورسی دەبێت. هەروەها گوتی: "هەمووان دەزانن کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی و ئارامیی وڵاتەکەمانەوە هەبووبێت، چ هەنگاوێکمان ناوە. نامانەوێت جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسیی هاوشێوە ببینەوە، بەڵام ئەگەر ڕووبەڕووی بووینەوە، ئەوا بێگومان پێویست دەکەین."

ئەردۆغان دووپاتی کردەوە، تورکیا چاوی لە خاک و سەروەریی هیچ وڵاتێک نییە و "ئێمە خوازیاری ئاشتی، ئارامی و ئاسایشین لە هەر بستێکی ناوچەکەماندا، بەتایبەتی لە سووریا، عێراق و لوبنان. ئەمەشمان بۆ هەموو گەلان دەوێت بەبێ هیچ جیاوازییەک. لە ڕاستیدا، ئیسرائیل دەزانێت هەر هەنگاوێک لە ناوچەکەدا دەینێت، هەم نایاساییە و هەم سەرچاوەی ناسەقامگیرییە. ئێوە لەوەی میدیای ئیسرائیل چی دەنووسێت، زیاتر سەرنجتان لەسەر ئەوە بێت تورکیا چی دەکات. بەم شێوەیە دەگەنە ئەنجامی ڕاست. ئێمە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆماندا چی پێویست بێت، ئەوە دەکەین و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین."

 

سەردانی کۆمیسیۆن بۆ دوورگەی ئیمراڵی

سەبارەت بە چوونی شاندێکی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەردۆغان گوتی: "وەک هاوپەیمانیی (جمهوور)، کارەکانمان بۆ 'تورکیای بێ تیرۆر' بە هەماهەنگی بەڕێوە دەبەین. هەم من لەگەڵ بەڕێز باخچەلی و هەم هاوکارەکانمان لەگەڵ هاوتاکانیان لە مەهەپە دیالۆگێکی نزیکمان هەیە. هەروەها لە ماوەی دیاریکراودا پێشوازی لە شاندی 'دەم پارتی'ش دەکەین. بەم شێوازە کارکردنە، پرۆسەکەمان تا ئێرە بەبێ کێشە هێناوە."

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان دامەزراوە، بۆ بەشداری و هاوکاریی پارتە سیاسییە جیاوازەکان لە پرۆسەکەدا زۆر گرنگ بوو. کۆمیسیۆنەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی پەرلەمان کاری گرنگی ئەنجام داوە. ئێمەش هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکمان پێشکەش کردووە. هەوڵمان داوە پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' لە مشتومڕە سیاسییە ڕۆژانەییەکان بەدوور بگرین. دوایین بڕیاری کۆمیسیۆن وەک بڕیارێکی ڕێخۆشکەر، هاوکار و خێراکەری پرۆسەی لەناوبردنی تیرۆر دەبینین."

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا، حوسێن یایمان وەک نوێنەری 'ئاک پارتی' لە کۆمیسیۆنەکەدا دەستنیشان کراوە و گوتی: "حوسێن ساڵانێکی زۆرە لەسەر ئەم پرسە کار دەکات و پێشتریش ئەندامی شاندی دانایان بووە. بەهۆی شارەزایی لەم بابەتەدا، بە ناوی پارتیمانەوە بەشداری لە کارەکاندا دەکات. تا گەیشتن بە ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر'، بە ئارامی، دڵسۆزی، بوێری و سووربوونەوە بەردەوام دەبین."

 

چوونی کۆمیسیۆن بۆ دوورگەی ئیمراڵی

ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025، شاندی کۆمیسۆنی "هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی"ـی پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئیمراڵییان کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان. تا ئێستا کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە و ناوەڕۆکەکەی ڕانەگەیەنراوە. 

ئەندامانی شاندەکە لە گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی؛ فەتحی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاک پارتی پێکهاتوون.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment