نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە مامۆستایان و قوتابییانی پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیران کرد

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابییانی خولی بیستەمی پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیران، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی دوای زیاتر لە ٧٩ ساڵ پارتی هێشتا بەهێزترین و گەورەترین حزبە، کادیرانی بە "سیما و داینەمۆ"ی حزب وەسف کرد و داوای لێکردن پابەندی دیسپلین بن و بەردەوام خۆیان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا نوێ بکەنەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتەکە، لە هەولێر لەگەڵ قوتابییانی خولی بیستەم و بەرپرس و دەستەی کارگێڕی پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبووەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی لە قوتابییان کرد بۆ وەرگرتنیان لە پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیران. هەروەها ڕۆڵی پەیمانگەی بەرز نرخاند کە وەک یەکێک لە دامەزراوە ڕەسەن و گرنگەکانی پارتی، هەر لە سەردەمی شۆڕشەوە، تا ئەمڕۆ لە هەموو دۆخێکدا بەردەوام کادیرانی پێگەیاندووە.

پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: نێچیرڤان بارزانی باسی لە گرنگیی ڕۆڵی کادیران کرد کە نوێنەر و سیمای پارتین لەناو خەڵک و جەماوەردا، لەناو حزب و ڕێکخستنەکانیشدا داینەمۆی کاری پارتیەتی و ژیانی ڕێکخستنن. لەمبارەوە جەختی لەوە کردەوە پێویستە کادیران بەردەوام خۆیان لەگەڵ بیر و پێشکەوتنەکانی سەردەمدا نوێ بکەنەوە و پابەندی دیسپلینی حزبی بن.

ئاماژەشی داوە، جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە زۆر دۆخ و ڕۆژگاری سەخت ڕووبەڕووی پارتی بوونەتەوە، بەڵام دوای زیاتر لە (79) ساڵ هێشتا بەهێزترین و گەورەترین حزبە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە حزبێکی زیندووە. هاوکات پارتی بە دڵسۆزان و کادیرانی بە توانا، هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و پێش دەکەوێت.

لە ڕاگەیەندراوکەدا باس لەوەش کراوە، لای خۆیانەوە بەڕێزان قوتابییان و بەرپرس و دەستەی کارگێڕی پەیمانگە، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی، هەروەها دووپاتیان کردەوە لەسەر بنەمای فکر و ڕێبازی پارتی و بارزانیی نەمر، ئەرکی خزمەتکردن بە گەل و نیشتمان جێبەجێ دەکەن. لە کۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشیی لە ئەرک و ماندووبوونی پەیمانگە و مامۆستایان کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment