پێشمەرگە و هاوپەیمانان میکانیزمی یەکخستنەوەی هێزەکان تاوتوێ دەکەن
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی ڕیفۆرمی سەربازی، وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان جەختیان لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان و ڕێکخستنەوەی پەیکەری فەرماندەییەکان کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ فیتز گیراڵد، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازیی یاوەری کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و پێشهاتە سەربازییەکان. تەوەرێکی سەرەکی و هەستیاری گفتوگۆکان بریتی بوو لە دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ ڕێکخستنی کارەکانی فەرماندەیی دەڤەرەکان و چۆنیەتیی خێراکردنی پڕۆسەی خستنەسەری هێزە جیاوازەکان بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە، وەک بەشێک لەو پڕۆژە نیشتمانییەی بۆ یەکخستنی هێزەکان دەستی پێ کردووە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەرپرسانی باڵای سەربازیی هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە قۆناغی هەنووکەیی پێویستیی بە بەردەوامیی پاڵپشتیی لۆجستی و ڕاوێژکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بۆ هێزی پێشمەرگە، بەمەبەستی دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە.
هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەکان و فراوانکردنی ئاستی هەماهەنگییەکان دووپات کردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بکات.
