عراقچی بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئەتۆمی دەچێتە فەرەنسا

وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئێران لە پاریس کۆدەبنەوە پرسی ئەتۆمی تاران و پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ دەکەن.

دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەم، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببێتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵی و هەرێمییەکان دەکرێت، هاوکات سەرنج دەخەنە سەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییە ئێران.

وەزارەتەکە پێش سەردانەکەی عراقچی ئاماژەی بەوە داوە: ئەم دیدارە دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەوەی داوا لە ئێران بکەین پابەندی ئەرکەکانی بێت بەرانبەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) و بە خێرایی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە دەست پێ بکاتەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە باسکردنی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی فەرەنسی، کە سەرەڕای ئەوەی لە زیندان ئازاد کراون، بەڵام هێشتا لەناو باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تاران ماونەتەوە و ڕێگەیان پێ نادرێت ئێران جێبهێڵن.

سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، ڕێککەوتنێک لە نێوان عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە قاهیرە بە سەرپەرشتی بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، سەبارەت بە میکانیزمی کارکردن لە نێوان ئێران و ئاژانسەکە واژۆ کرا.

بەڵام لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندبوو: وڵاتەکەی ئەو ڕێکەوتننامە هاوکارییەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵوەشاندووەتەوە کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ واژۆ کرابوو.

لاریجانی ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەنجوومەنەکە تاوتوێی هەر پێشنیازێک دەکات کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ هاریکاری پێشکەشی بکات.

لای خۆیەوەڕافایل گرۆسی، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، دانی بەوە دانابوو، کە میکانزیمی گەڕانەوەی سازاکان "سناپباک" پەیوەندییەکانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ئێرانی دژوار کردووە. بەڵام ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ عراقچی لە پەیوەندی بەردەوام دان.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێران (سناپباک)یان چالاک کردەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندیی ڕێککەوتنی 2015ی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی 22ـی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت کە بریتی بوون لە، وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندیی تەکنەلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو".

 
 
Fly Erbil Advertisment