کرێملن: پلانەکەی ئەورووپا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا بۆ ئێمە گونجاو نییە
کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، ئەو پێشنیازەی وڵاتانی ئەورووپا وەک دژە پلانێک بۆ پرۆژە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا ئامادەیان کردووە، هەنگاوێکی بنیاتنەر نییە و مۆسکۆ کاری پێ ناکات.
دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سیاسەتی دەرەوەی کرێملن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: پلانی ئەورووپییەکان هەر لە سەرەتاوە دیارە کە بنیاتنەر نییە و بۆ ئێمە گونجاو نییە.
سەبارەت بە پلانەکەی ئەمەریکاش گوتی: "هەمووی نا، بەڵام زۆرێک لە بڕگەکانی پلانی ئەمەریکا بۆ ئێمە جێی قبووڵن"، ئاماژەی بەوەش دا، هەندێکیان پێویستیان بە گفتوگۆی وردتر هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پلانی وڵاتانی ئەورووپیی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە خاڵە سەرەکییەکانی تایبەت بە ناتۆ و پرسە دەستبەرداربوون لە خاک کردووە، ئەمەش پێچەوانەی خواستی ڕووسیایە.
پێشتریش ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، پێشنیازەکانی ئەمەریکا دەکرێت ببنە بنەمایەک بۆ چارەسەری ململانێکان، هۆشداریشی دابوو، ئەگەر کیێڤ پلانەکە ڕەت بکاتەوە، ئەوا هێزەکانی ڕووسیا زیاتر پێشڕەوی دەکەن.
هەفتەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڕەشنووسی پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا، نیگەرانیی قووڵی لای ئەو وڵاتە و هێزە ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، بەو پێیەی وا دەردەکەوێت واشنتن زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ناتۆ، خاک و کاتی ڕێککەوتنەکە پەسەند کردبێت.
دوێنێ یەکشەممە شاندەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ لە بارەی پلانەکە کۆبوونەوە و هەر دوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار باس کرد
ڕوبیۆ ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکە بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە. ئاماژەی بەوە دابوو، خاڵ بە خاڵ بەسەر ڕەشنووسەکەدا ڕۆیشتوون و تیمەکانیان چەند گۆڕانکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە.
لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ڕۆستەرم عومەرۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی ئۆکرانیا لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو، کۆتا ڤێرژنی ڕەشنووسی پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ڕەنگدانەوە بەشێکی زۆری داواکاری و ئامانجەکانی ئێمە، کە هێشتا لە قۆناغی کۆتایی دایە.
