خانزاد ئەحمەد: نابێت چیتر بێدەنگی و گێڕانەوەی چیرۆکی زیانبەخش ڕێگر بن لەبەردەم یەکسانی
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هەڵمەتی 16ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و منداڵان، دکتۆرە خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان ڕایگەیاند: "سەرۆکی حکوومەت هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە توندوتیژی دژی ئافرەتان و کچان، لە هیچ شوێنێکی کۆمەڵگەی کوردستاندا جێگەی نابێتەوە."
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئاماژەی بەوەش دا "نابێت چیتر بێدەنگی و گێڕانەوە و دەقە زیانبەخشەکان، لەبەردەم تاک، خێزان، کۆمەڵگە و حکوومەتدا ببنە ڕێگر بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەر و یەکسان بۆ هەمووان."
خانزاد ئەحمەد گوتیشی: "ئەمساڵ تیشک دەخەینە سەر ڕەهەندێکی بنەڕەتیی ئەم خەباتە کە بریتییە لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن؛ چونکە ئەو چیرۆکانەی دەیانگێڕینەوە، ئەو زمانەی هەڵیدەبژێرین و ئەو وێنانەی بڵاویان دەکەینەوە، شێوە بە تێگەیشتن و ڕای گشتیی، نەریت، کولتوور و تەنانەت ئاسایشی کۆمەڵگەش دەدەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە: "ماوەیەکی زۆرە ئەزموونی خانمان بە شێوەیەکی ناڕاست یان بە زیادەڕۆییەوە دەخرێتە ڕوو، زۆرجار ڕزگاربووان تۆمەتبار دەکرێن و دەنگیان پەراوێز دەخرێت، یان چیرۆکەکانیان بۆ بەرژەوەندیی بازرگانی و سیاسی بەکار دەهێنرێت."
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "ئەم کارە نەک تەنیا نائەخلاقییە، بەڵکو زیانبەخشە و جیاکاری قووڵتر دەکاتەوە، هەروەها متمانەی ڕزگاربووان بەو دامەزراوانە لاواز دەکات کە بۆ پاراستنیان پێکهێنراون."
ڕاشیگەیاند؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارانە ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و خودی خانمان و کچان و ڕۆژنامەنووسان ئاکار نامەیەکی ئامادە کردووە.
