چوار سیناریۆ چاوەڕێی حەشدی شەعبی دەکەن
دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دۆسیەی حەشدی شەعبی لە قۆناغێکی هەستیاردایە. ئێستا فشارە دژبەیەکەکانی تاران و واشنتن بۆ پەسەندکردن یان رەتکردنەوەی یاسای حەشدی شەعبی بەردەوامن.
وێڕای بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکان لەلایەن هێزە شیعییەکانەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە، پرسەکە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکا، هەردوو وەزارەتی جەنگ و دەرەوەی ئەو وڵاتە، یاسای حەشدی شەعبی ڕەتدەکەنەوە و بە ئامرازێک بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی ئێران ناوی دەبەن. چەندان جار داوای هەڵوەشاندنەوەیان کردووە، چونکە ئەم گرووپانە بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دەزانن.
چاودێران پێیان وایە، ئەگەر عێراق داواکارییەکانی ئەمەریکا پشتگوێ بخات، ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند دەبێتەوە، لەوانە: خێراکردنی کشانەوەی هێزەکان، سەپاندنی سزای نەوتی و بەئامانجگرتنی سەرکردەکان.
لەلایەکی دیکەوە، ئێران پشتیوانی لە تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ سیستمی بەرگری دەکات. بەگوێرەی راپۆرتەکان، عەلی خامنەیی داوای لە سوودانی کردووە رۆڵی حەشدی شەعبی فراوانتر بکات. هاوکات محەمەد ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا داواکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشد ڕەتدەکاتەوە.
چاودێران 4 سیناریۆ بۆ چارەنووسی حەشدی شەعبی دەخەنەڕوو:
1. تێکەڵکردنی حەشد لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان (ئەمەریکا پێی ڕازییە، بەڵام ئێران ڕەتیدەکاتەوە).
2. تێپەڕاندنی یاساکە بە ئەنجامدانی دەستکاری تێیدا (ئەمەیان بەهێزترین ئەگەرە).
3. پەسەندکردنی یاساکە وەک خۆی (ئەمەریکا تووڕە دەکات و سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت).
4. ڕێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی حەشد لە بەرامبەر هەندێک سازشدا.
بەگشتی دۆسیەی حەشدی شەعبی مەترسیدارترین دۆسیەی ئەمنییە و ئایندەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا دیاری دەکات؛ هەفتەکانی داهاتووش بۆ ئەم بابەتە یەکلاکەرەوە دەبن.
