چین بۆ گەڕاندنەوەی کەشتیوانەکانی، کەشتییەک دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان
سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەم 2025، چین، کەشتییەکی ئاسمانیی بێسەرنشینی ڕەوانەی وێستگەی خولگەیی "تیانگۆنگ" کرد پێش کاتی دیاریکراوی خۆی، ئەوەش بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ڕێگایەکی گەڕانەوەی سەلامەت بۆ سەر زەوی بۆ سێ کەشتیوانەکەی کە لەوێ دەمێننەوە، دوای ئەوەی ئەو کەشتییەی بۆ گەڕانەوەیان تەرخان کرابوو، زیانی بەرکەوت.
بەپێی ئەو دیمەنانەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی چین پەخشی کردوون، موشەکی "لۆنگ مارچ- 2ئێف" کە کەشتی "شینژۆ22 - "ی هەڵگرتبوو، کەمێک دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەکاتی چین، لە بنکەی "جیکوان" لە باکووری ڕۆژئاوای چینەوە هەڵدرا.
بڕیار بوو ئەم کەشتییە لە ساڵی 2026دا بەرەو وێستگە ئاسمانییەکە بەڕێ بکەوێت و ژمارەیەک کەشتیوان بگوازێتەوە، بەڵام دەرکەوتنی درز و شەق لە کەشتی "شینژۆ-20" کە ئێستا بە وێستگەکەوە نووساوە و بۆ گەڕانەوەی کەشتیوانەکان تەرخانکراوە، بووە هۆی پێشخستنی هەڵدانی.
وا گریمانە دەکرێت کە درزەکان بەهۆی پارچەی پاشماوەی تێکشکاو (debris)ی کەشتی یان ئامێرە ئاسمانییەکانەوە دروست بووبن.
ئەمە یەکەم جار نییە کە پاشماوەی بۆشایی ئاسمان ببێتە هۆی تێکچوونی کاتەکانی هەڵدانی کەشتییە چینییەکان. زیانی هاوشێوە کە بەر کەشتی "شینژۆ-21" کەوت، بووە هۆی دواکەوتنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی تیمێکی دیکەی کەشتیوانان لە وێستگەکە بۆ چەند ڕۆژێک لەم مانگەدا، تا ئەو کاتەی کەشتییەکی دیکە بۆ گەڕانەوەیان نێردرا.
ئەو زیانەی بەر کەشتییەکان دەکەوێت بەهۆی پارچەی پاشماوەی بۆشایی ئاسمانەوە، مەترسی لەسەر ژیانی تیمەکە دروست دەکات لە کاتی هاتنیان بۆ نێو بەرگە هەوای زەوی.
ئەم دواکەوتنانە پاشەکشەیەکی نائاسایین بۆ بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی چین کە بەنیازە تا ساڵی 2030 کەشتیوان ڕەوانەی سەر ڕووی مانگ بکات.
چین، لە دەیەکانی ڕابردوودا ملیاران دۆلاری لە کەرتی بۆشایی ئاسماندا خەرج کردووە بۆ ئەوەی هاوشانی پێشکەوتنەکانی بەرنامەی بۆشایی ئاسمانی ئەمەریکی یان ڕووسی یان ئەورووپایی، بەرەوپێش بچێت.
