گوڵ شوێنی سزادان دەگرێتەوە و وەزیری پەروەردە کۆتایی بە مشتومڕی ڤیدیۆی قوتابییەکە دەهێنێت
دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی قوتابییەک کە لاسایی مامۆستاکەی دەکردەوە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند: بابەتەکە بە ئاشتەوایی و بەخشینی گوڵ کۆتایی هاتووە و هیچ سزایەک لە ئارادا نییە و شکۆی مامۆستاش وەک هێڵی سوور دەمێنێتەوە.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥25ـی تشرینی دووەمی 2025، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی ڕەتیکردەوە، هیچ جۆرە سزایەک ئاراستەی ئەو قوتابییە کرابێت کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتووە، جەختی لەوە کردەوە پاراستنی پێگە و شکۆی مامۆستایان لای ئەوان لە پێشینەی کارەکانە، بەڵام بابەتەکە بەبێ سزادان چارەسەر کراوە.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە بەرفراوانی کەرتی پەروەردە کرد کە نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی و مامۆستا لە هەردوو کەرتی حکوومی و تایبەت لەخۆدەگرێت، ڕوونی کردەوە، لە ناوەندێکی ئاوا گەورەدا ڕوودانی حاڵەتی لەم شێوەیە شتێکی چاوەڕوانکراوە و پێویستە خوێندنەوەی دروست و لۆژیکی بۆ بکرێت نەک بابەتەکان بە ئاڕاستەی هەڵەدا ببرێن.
سەبارەت بە شێوازی چارەسەرکردنی دۆخەکەش، وەزیر ئاشکرای کرد، قوتابییەکە بە مەبەستی ڕێزگرتن و ئاشتەوایی چەپکە گوڵی پێشکەش بە بەڕێوەبەر و مامۆستاکەی کردووە و لە ئێستادا هیچ گرفتێک و دڵگرانبوونێک لەلایەن مامۆستاکەوە نەماوە و دۆسیەکە بەبێ کێشە داخراوە.
