کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەمینداری نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێکرد
چاوەکان لەسەر کاندیدێکی ئافرەتن
پڕۆسەی هەڵبژاردنی 10یەمین ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بڕیارە لە ١ـی کانوونی دووەمی 2027ەوە شوێنی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز بگرێتەوە و بە فەرمی دەستی پێکرد.
لە نامەیەکی هاوبەشدا، هەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی کە لە 193 ئەندام پێک دێت، داوایان لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام کردووە کاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستە پێشکەش بکەن.
لە بەشێکی نامەکەدا جەخت لە ڕۆڵی ئافرەتان کراوەتەوە و هاتووە: "بەداخین بۆ ئەوەی تا ئێستا هیچ ئافرەتێک پۆستی ئەمینداری گشتیی وەرنەگرتووە. لەبەر باوەڕبوونی تەواومان بە دەستەبەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەتان و پیاوان لە پۆستە باڵاکانی بڕیارداندا، هانی وڵاتانی ئەندام دەدەین بە جددی کار بۆ کاندیدکردنی ئافرەت بکەن، هاوکات لە هەڵبژاردنی سکرتێری گشتییدا ڕەچاوی هاوسەنگیی جوگرافی و ناوچەییش بکەن."
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، هەرچەندە پڕۆسەکە تازەیە، بەڵام بەشێوەیەکی نافەرمی ناوی چەند کەسایەتییەک بڵاو بووەتەوە، لەوانە: میشێل باچێلێت، سەرۆکی پێشووی چیلی، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ڕێبێکا گرینسپان، خەڵکی کۆستاریکا و سەرۆکی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان - UNCTAD).
بڕیارە ئەنجوومەنی ئاسایش تا کۆتایی مانگی تەممووزی 2026 پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە یەکلایی بکاتەوە. لەم قۆناغەدا پێویستە هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنەکە "ئەمەریکا، ڕووسیا، بەریتانیا، چین و فەرەنسا" لەسەر کاندیدێک سازان بکەن و ڕێک بکەون.
دواجار ئەنجوومەنی ئاسایش بە فەرمی پێشنیاری خۆی ئاراستەی کۆمەڵەی گشتیی دەکات بۆ دەنگدان. ئەمینداری نوێ بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێت کە لە 1ـی 1ـی 2027ەوە دەست پێ دەکات و دەکرێت تەنیا بۆ یەک خولی دیکە نوێ بکرێتەوە.
