سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی لە باکووری کەناری ڕۆژئاوا دەستپێکرد

سوپای ئیسرائیل بە هاوکاریی دەزگای ئاسایشی گشتیی شاباک و پۆلیسی سنوور، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانیان لە باکووری کەناری ڕۆژئاوا ڕاگەیاند. سوپا هێزێکی زۆری ڕەوانە کردووە و لە چەند ناوچەیەکیش بولدۆزەری سەربازیی جێگیر کردووە.

هاوکات، هێلیکۆپتەرەکانی ئیسرائیل بۆردومانی چەند ئامانجێکیان کردووە، هەروەها سوپا قەدەغەی هاتوچۆی سەپاندووە و سەرجەم دەروازەکانی پارێزگاکەی بە بەربەستی خۆڵ و بازگەی سەربازی داخستووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی 'یەدیعۆت ئەحرۆنۆت'، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە شەوی ڕابردوو دەستیپێکردووە. پێشبینیش دەکرێت ئۆپەراسیۆنەکە چەند ڕۆژێک بخایەنێت و ناوچەکانی (تەمون، توباس و عەقەبا) بگرێتەوە، کە تێیدا بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری، هەڵمەتی پشکنین و دەستگیرکردن ئەنجام دەدرێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 9ی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، 13ی تشرینی یەکەمی 2025، لووتکەی شرم شێخ لە میسر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتان بۆ ئاشتیی غەززە بەڕێوە چوو و هەر یەک لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر و تورکیا ئاگربەستی غەززەیان واژۆ و کرد و دڵنیاییان لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment