ترەمپ شەش خاڵی پلانی ئاشتی ئۆکرانیا کەمکردەوە
سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، پلانی ئاشتی ئۆکرانیا کە لە 28 خاڵ پێكهاتبوو، کەمکراوەتەوە بۆ 22 خاڵ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان لە بارەی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، لایەنی ڕووسی نەرمییان نواندووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، گەورەترین لێبوردەیی ڕووسیا ئەوەیە کە ئامادەیە هێرش و بۆردومانەکانی بوەستێنێت، هەروەها دابڕان و دابەشکاری لە زەوییەکانی ئۆکرانیا ڕابگرێت.
بە گوتەی ترەمپ "ئەگەر ململانێکان بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بن، لە کۆتاییدا ئۆکرانیا دەبێتە خاکی ڕووسیا، بۆیە دەبێت ئۆکرانیاش ئامادەی ئاشتی ببێت."
لە لایەکی دیکەوە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاندووە، "پلانی ئاشتی لە لایەن ئەمەریکاوە چارەسەری کۆتای دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، واشنتن داوای کردووە ڕووسیا نەرمی بنوێنێت، ئێمەش ئامادەین".
پوتن، گوتوویەتی، "ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئێمە دەستکەوتی گەورەمان لە لایەنی سەربازییەوە بە دەست هێناوە و سەرکەتووبووین، بۆیە ڕووسیا ئامادەیە بۆ ئاشتی، هاوکات دەبێت ئۆکرانیا لە خەیاڵی ئەو خەوە هەڵبستێت کە شکست بە ڕووسیا بهێنێت".
پوتن هۆشداری دایە بەرپرسانی کیێڤ پلانەکەی ترەمپ ڕەت نەکەنەوە و گوتی "لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی داواکاری ئاشتی لە لایەن ئۆکرانیاوە، ئەو ڕووداوانەی کە ئەم دوواییانە لە شاری "کۆبیسانک" ڕووی دا، لە هەموو بەرەکانی دیکەی شەڕ دژی ئۆکرانیا دووبارەی دەکەینەوە".
هەفتەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڕەشنووسی پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا، نیگەرانیی قووڵی لای ئەو وڵاتە و هێزە ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، بەو پێیەی وا دەردەکەوێت واشنتن زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ناتۆ، خاک و کاتی ڕێککەوتنەکە پەسەند کردبێت.
لە پلانە سەرەتاییەکەدا هاتووە، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤی لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.
