نۆکیا بە بەهای چوار ملیار دۆلار وەربەرهێنان لە ژیری دەستکرد دەکات
کۆمپانیای بەناوبانگی بواری پەیوەندییەکان(نۆکیا) دەچێتە نێو بواری وەبەرهێنان لە بواری زیرەکی دەستکرد و کلاود لە ئەمەریکا.
گەورە کۆمپانیای پەیوەندییەکانی فینلەندا (نۆکیا) ئامانجی نوێی بۆ گۆڕانکاریی ستراتیژی کارکردنی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، پلانی هەیە لە ئەمەریکا، وەبەرهێنان لە تەکتنەلۆجیاکانی ژیری دەستکرد و کلاود بکات، ئەمەش وەک هەنگاوێک لە پێشبڕکێی جیهانیی بۆ زاڵبوون بەسەر نەوەی داهاتووی ژێرخانی ژیری دەستکرد.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە کۆی وەبەرهێنانەکە بگاتە چوار ملیار دۆلار، کە لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە سەرمایەی تایبەتی نۆکیا و بودجەی تایبەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ یارمەتی و قەرزە گریمانەییەکان پارەدار دەکرێت.
ئەم وەبەرهێنانە دوورکەوتنەوەیەکی بە ئەنقەستە لە گرنگیدانی کلاسیکی نۆکیا بە ئامێرەکانی تۆڕی مۆبایل، کە بازاڕێکی کێبڕکێی کاڵاییە و ئامانج لە پرۆژە نوێکە دامەزراندنی دەروازەیەکی نوێی داهات و بووژانەوەیە لە بواری خزمەتگوزارییەکانی ژیری دەستکرد و کلاود.
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیای نۆکیا نزیکبوونەوەیە لە گەورەترین بازاڕی ژیری دەستکرد و کلاودی جیهان و هاوبەشی سەرمایەی ئەمەریکا، هاوکات کۆمپانیا فینلەندییەکە دەتوانێت سوود لە توانا پیشەسازییەکانی ئەمەریکا وەرگرێت.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، نۆکیا بە دروستکردنی ژێرخانی ژیری دەستکرد و کلاودی تایبەتی خۆی، ئامانجی ئەوەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیا سەرەکی و زەبەلاحەکانی دیکە بکات، بۆ ئەوەی پێگەی لە گەشەی بازاڕیی خزمەتگوزاری و چارەسەرەکانی ژیری دەستکرد بەهێز بکات.
وەبەرهێنانەکەی نۆکیا کە بە بەهای چوار ملیار دۆلاری ئەمەریکییە گرەوێکی بوێرانەیە لەسەر داهاتوویەک کە بە ژیری دەستکرد بەڕێوەدەچێت و گۆڕانکارییەکی ستراتیجی کۆمپانیاکەیە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی خۆی بە شێوەیەکی بەهێز.
