هۆشیار کەریم گۆرانی "لەگەڵ تۆدا" بڵاو دەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، هونەرمەندی گۆرانیبێژ هۆشیار کەریم، رایگەیاند؛ بەمزوانە نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "لەگەڵ تۆدا" کە شیعر و ئاوازی خۆیەتی، لە چەناڵی یوتیوبی تایبەت بەخۆی بڵاودەکاتەوە، هاوکات رایگەیاند: ئەو بەرهەمە نوێیەم لە شیعر و ئاوازی خۆمە و بڕیارە لەسەرەتای مانگی 12 بڵاوبکەمەوە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ هۆشیار کەمال، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی، بۆ کوردستان24 گوتی: گۆرانی "لەگەڵ تۆدا" شیعر و ئاوازی خۆمە، کاری ئەرەینج عەلی شەریفزادە کردوویەتی و لێزان قادر، کاری میکس و ماسترینگی ئەنجامداوە، هەروەها ناسر حەیدەری کاری دەرهێنانی بۆ کلیپەکەم کردووە و بریارە لە سەرەتای مانگی 12ـی ئەمساڵ بەرهەمەکەم لە چەناڵی تایبەتی خۆم لە یوتیوب بڵاوببێتەوە.
دەشڵێت: کۆمەڵێک بەرهەمم لە ئێستادا هەیە و ئامادەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڵاوم نەکردۆتەوە، چونکە خۆم نەمویستووە لەو کات و ساتەدا بڵاویان بکەمەوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوانیش بڵاودەکەمەوە و دەیخەمە بەر گوێی بینەرە ئازیزەکانم.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ هۆشیار کەریم، ساڵی 1983لە سلێمانی لەدایک بووە و خاوەنی 8 بەرهەمی گۆرانی تۆمارکراوە، یەکەم گۆرانی بەناوی "کووچە" کە بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوی کردەوە ساڵی 2014دا بوو. کۆی بەرهەمەکانی لە شیعر و ئاوازی خۆیەتی. لە ئێستاشدا نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "لەگەڵ تۆدا" بەمزوانە بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاودەکاتەوە.
