نەخۆشییەک لەناو دارگوێزەکانی باڵەکایەتیدا بڵاوبووەتەوە

نەخۆشی "شێرپەنجەی بەکتری"، ژمارەیەک دارگوێزی لە سنووری باڵەکایەتی وشک کردووە. جگە لە زیانی زۆر بە بەرهەمەکە؛ جووتیاران نیگەرانن لەوەی نەخۆشییەکە بۆ دارەکانی دیکە بگوازرێتەوە و هەمووان  وشک ببنەوە، ئەمەش قەبارەی زیانەکان زیاتر دەکات.  

مام جەبار، دانیشتووی گوندی "خۆشکان"ی سەر بە شارۆچکەی چۆمانە، زیاتر لە 30 ساڵە باخدارە، دەڵێت، "تاوەکوو ئێستا نەخۆشی لەم شێوەیەم نەبینیوە، لە هاوینی ساڵی ڕابردووەوە ئەم نەخۆشییە بڵاوبووەتەوە، لە هەر دارێکدا لایەکی قەدی دارەکەی وشک کردووە."

سالار حەممەد، ئەندازیاری کشتووکاڵ، ئاماژە بەوە دەدات،" لە ڕووی زانستییەوە نەخۆشیەکە ناوی"شێرپەنجەی بەکتری"یە، هەروەها نەخۆشییەکی گوازراوەیە، بە هۆی هەڵکردنی "با" هەروەها ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی کاری هەڵپاچینی پێدەکرێت، دەگوازرێتەوە."

ئەو ئەندازیارە بە پێویستی دەزانێت، بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە، "جووتیاران بۆیەی قەدی دار یان دەرمانی " نوحاس" بەکاربهێنن، بۆ ئەوەی دارەکانی دیکە لە نەخۆشییەکە پارازێراو بن."

بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی چۆمان، ڕووبەری دوو هەزار دۆنم زەوی دەڤەری باڵەکایەتی بە دارگوێز داچێنراوە، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە کە تاوەکو ئێستا چارەسەری نەدۆزراوەتەوە، جووتیارانی نیگەران کردووە، ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەگەر هەیە دارگوێزەکانی ئەو دەڤەرە تووشی کارەساتی گەورەی لە ناوچوون ببنەوە. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment