ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی کارگەی تەکنەلۆجیای "زێڕین 2" دەستیپێکرد

سەرۆکی حکوومەت بەشەکانی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2)ـی بەسەر کردەوە
سەرۆکی حکوومەت بەشەکانی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2)ـی بەسەر کردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2) دادەنێت کە تایبەت دەبێت بە بەرهەمهێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان. 

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەری کوردتسان24ـی ڕاگەیاند، ئەم کارگەیە پێشتر هێڵێکی بەرهەمهێنانی لە شاری هەولێر هەبووە کە مانگانە لە نێوان 40 بۆ 45 هەزار مۆبایلی بەرهەم دەهێنا. بەرهەمەکانیان هەناردەی چەندین وڵاتی دەوروبەر و وڵاتانی عەرەبی وەک سووریا، جەزائیر و تونس کراوە.

بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان، بە کردنەوە و فراوانکردنی ئەم پرۆژەیە، توانای بەرهەمهێنانی مانگانەی کارگەکە بۆ 100 هەزار مۆبایل زیاد دەکات. گوتیشی "ڕێژەی 95% بۆ 98%ـی دەستی کاری پرۆژەکە ناوخۆیی دەبێت و تەنیا چەند ئەندازیارێکی چینی بەشدارن. پرۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان وەبەرهێنەرێکی کورد و وەبەرهێنەرێکی چینی جێبەجێ دەکرێت."

ئاکرەیی ئاماژەی بەوەش کرد "بەشێک لە کەرەستەی خاو بۆ دروستکردنی مۆبایلەکان لەناو هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، بەڵام ئەو ئامێر و کەرەستانەی کە تەکنەلۆژیای دروستکردنیان لە ناوخۆدا بەردەست نییە، لە چینەوە هاوردە دەکرێن و لە هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە (تەجمیع). دواتر بەرهەمەکان دەخرێنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و هەمان ئەو وڵاتانەی کە پێشتر هەناردەیان بۆ کراوە."

 

 

Fly Erbil Advertisment