مەسرور بارزانی: کەرتی پیشەسازیی کوردستان بۆ ئاستێکی پێشکەوتووتر دەبەین
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە ستراتیژی حکوومەت بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری و پشتگیریکردنی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2)ـی لە هەولێر دانا.
لە گوتارێکدا کە لە ڕێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، سەرۆکی حکوومەت ئەم پڕۆژەیەی بە هەنگاوێکی گرنگ لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ بووژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات وەسف کرد.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەم جۆرە کارە پیشەسازیانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەستیان پێکردووە، بەشێکن لەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێم بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری کوردستان. ئێمە لە هەموو ڕوویەکەوە هەوڵمانداوە ئابووری خۆمان فرەچەشن بکەین و گرنگی بە هەموو کەرتەکان بدەین، بێگومان کەرتی پیشەسازی یەکێکە لەو کەرتانەی کە دەتوانێت زۆرترین هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان بەرهەم بهێنێت."
یەکێک لە خاڵەکانی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، ئاماژەدان بوو بە ڕۆڵی ئەم کارگەیە لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. ئەو گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان جێی دڵخۆشی بوو، چونکە زۆربەی ئەو هێزەی کە کارەکانیان دەکرد، گەنجی بەتوانای ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوون."
سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد، کارگەکە لە ئێستادا زیاتر لە 100 هەلی کاری دابین کردووە و بە تەواوبوونی قۆناغی دووەمی فراوانکردنی، ژمارەی کارمەندان بۆ زیاتر لە 400 کەس بەرز دەبێتەوە. هاوکات، توانای بەرهەمهێنانیش لە 45 هەزار ئامێری مانگانەوە بۆ زیاتر لە 100 هەزار ئامێر زیاد دەکات.
بۆ خوێندنەوەی هەموو گوتارەکەی سەرۆک وەزیران لێرە کلیک بکە
