دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی کارگەی "زێڕین 2"
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2) لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا
زۆر زۆر بەخێر بێن و سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەکتان دەکەم
ڕۆژتان باش
خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم بۆ دانانی بەردی بناغەی بەشی دووەمی ئەم کۆمپانیایە، کە ZMC Group خاوەندارێتی دەکات و سوپاسی کاک عومەر دەکەم بۆ دروستکردنی ئەو ئامێرە تەکنەلۆژیانەی کە لێرە لەم کۆمپانیایەدا بە هاوکاری کۆمپانیای ترانشنی چینی، تەلەفۆنی ئینفنیکس و تابلێت بەرهەم دەهێنن.
بە ڕاستی ئەم جۆرە کارە پیشەسازییانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەستیان پێکردووە، ئەمانە بەشێکن لەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێم بۆ فرەچەشنکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان. ئێمە لە هەموو ڕوویەکەوە هەوڵمان داوە ئابووری خۆمان فرەچەشن بکەین و گرنگی بە هەموو کەرتەکان بدەین. بێگومان کەرتی پیشەسازیش یەکێکە لەو کەرتانەی کە دەتوانێت زۆرترین هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان بەرهەم بهێنێت.
دەستخۆشی لە کاک عومەر دەکەم و لە هەموو وەبەرهێنەرانی تر کە لە کوردستان کار دەکەن و وەبەرهێنان دەکەن. هەم بۆ پێشخستنی ئابووریی کوردستان، هەم بۆ دروستکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجەکانمان و هەم خۆشیان بێگومان سوودمەند دەبن لە فراوانکردنی کارە بازرگانییەکانی خۆیان.
ئەوەی کە ئەمڕۆ بینیمان جێی دڵخۆشی بوو، چونکە زۆربەی ئەو هێزەی کە کارەکانیان دەکرد، ئەو بەڕێزانەی کە لەسەر ئەم ئامێرانە کاریان دەکرد، ئەوانە هەمووی هێزی ناوخۆیی بوون. هەمووی گەنجی بەتوانای ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوون. لەوانەیە چەند پسپۆڕێکی بیانیشیان لەگەڵە؛ بەڵام هەمیشە پێویستیمان بە پسپۆڕی و زانستی دۆستەکانمان دەبێت لە دەرەوە، یارمەتی ئێمە بدەن، زانستی نوێ تێکەڵی هەرێمی کوردستان بکەن، تاکو ئێمەش زیاتر بتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەرگرین؛ بەڵام دروستکردنی ئەم هەموو هەلی کارە، ئەمە بێگومان بارێکی قورس لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەڵدەگرێت.
ئەوەی بیستم تا ئێستا زیاتر لە 100 هەلی کار دروستکراوە بۆ ئەو گەنجانەی لێرەدا کار دەکەن، بەڵام بە فراوانکردنی کارەکانیان، هەم بەرهەمەکانیان لە سنووری 45 هەزار ئامێر مانگانە زیاد دەکات بۆ زیاتر لە 100 هەزار، هەم هەلی کاریش لە 100 کەسەوە بەرەو زیاتر لە 400 کەس دەڕوات.
هیوادارم هەموو وەبەرهێنەرانی تریش چاو لەم جۆرە کارانە بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لە کوردستان دروست بکەن بۆ ئەوەی بەیەکەوە وڵاتێکی خۆشتر و ئاوەدانتر بۆ هەموومان دروست بکەین.
جێی خۆیەتی من سوپاسی بەڕێز کونسوڵی گشتیی وڵاتی چین بکەم بۆ پشتگیری و پشتیوانیی بەردەوامیان لەو کۆمپانیا چینیانەی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. سوپاس و دەستخۆشی لە دەستەی وەبەرهێنان دەکەم کە یارمەتیدەر و پشتیوانی ئەم جۆرە کارانەن و دەستخۆشیی لە وەزارەتی پیشەسازی دەکەم بۆ ئەو ئاسانکاریانەی دەیکەن کە ئێمە بتوانین کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاستێکی تر ببەین.
ئێمە لە هەموو گفتوگۆکانماندا لەگەڵ دۆستەکانمان، لەگەڵ کونسوڵخانەکان، لەگەڵ باڵیۆزەکان، لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە و داواشمان لێکردوون کە بیر لەوە بکەنەوە بەشێک لە کارەکانیان، لە دروستکردنی ئامێرەکانیان، بهێننە هەرێمی کوردستان. بەمە هەم خۆیان سوودمەند دەبن، لەوەی کە ئێمە هێزێکی کاریگەر و توانای گەنجمان هەیە، دەتوانن بەکاریان بخەن، هەم لە ڕووی ئابوورییەوەش دەتوانن سوودمەند بن، چونکە پێم وایە بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان لەوانەیە زۆر زۆر هەرزانتر بکەوێت.
ئەم جۆرە بەرهەمەی کە ئەمڕۆ بینیمان، بێگومان بە نرخێکی گونجاو دەکەوێتە بەردەستی هاووڵاتییان، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەوەی بیستم هەناردەی شوێنەکانی تریش دەکرێن. هیوادارم بەردەوام بن لە پێشکەوتن و لە سەرکەوتن.
ئێمە دەمانەوێت کەرتی پیشەسازی وەکو هەموو کەرتەکانی تر زیاتر پەرەی پێ بدەین و بۆ ئەمەش پێویستیمان بە ئەزموونی بیانی هەیە، پێویستیمان بەوە هەیە ئەوان تەکنەلۆژیای زیاتر پێشکەوتووی وڵاتەکانی خۆیان بهێننە هەرێمی کوردستان، هەم لە لایەک لە دەستپێکدا دەتوانن لە لێکدان و بەستنی ئامێرەکان یارمەتیمان بدەن و بەشێک لە کارەکانیان بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئاییندەدا ئومێدمان وایە کە ئێمە بتوانین بەو کەرەستە خاوە سروشتییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە بتوانین زۆر لەو ئامێرە تەکنەلۆژیانەی کە پێویستن لە هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنین و کارگە لە سەرەتاوە تا کۆتایی هەمووی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت.
بە ئومێدی ئەو ڕۆژە ئێمە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و هیوادارین هەمووتان سەرکەوتوو بن و تەمەنای سەرکەوتنیش بۆ هەموو وەبەرهێنەران دەکەم و دڵنیاشتان دەکەمەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئێوە. ئێوە هەر سەرکەوتووبن، هەر تەندروست بن، کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.
