سەرۆک وەزیران بەردی بناغەی کارگەی "زێڕین 2"ـی دانا
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2)ـی لە هەولێر دانا.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتاری ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند: "ئەم جۆرە کارە پیشەسازیانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەستیان پێکردووە، بەشێکن لەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێم بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری کوردستان. ئێمە لە هەموو ڕوویەکەوە هەوڵمانداوە ئابووری خۆمان فرەچەشن بکەین و گرنگی بە هەموو کەرتەکان بدەین، بێگومان کەرتی پیشەسازی یەکێکە لەو کەرتانەی کە دەتوانێت زۆرترین هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان بەرهەم بهێنێت."
مەسرور بارزانی داوای لە وەبەرهێنەرانی دیکەی ناوخۆ و کۆمپانیا بیانییەکان کرد کە چاو لەم مۆدێلە سەرکەوتووە بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستاندا بکەن.
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، حکوومەت هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات و گوتی: "هەمیشە داوامان لە کۆمپانیا بیانییەکان کردووە کە بەشێک لە کارەکانیان و دروستکردنی ئامێرەکانیان بهێننە هەرێمی کوردستان. بەمە هەم خۆیان سوودمەند دەبن، چونکە هێزی کاری گەنج و بەتوانامان هەیە، هەم لە ڕووی ئابوورییەوەش بۆیان ئەرزانتر دەکەوێت."
