تاران شەشەمین پیسترین شاری جیهانە

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی کۆمپانیای چاودێریی کوالیتیی هەوا لە ئێران، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاوکراوەتەوە، کوالێتیی هەوای تاران زۆر پیس بووە و پێوەری پیسبوون لە ناوچەی سووردایە.

بەپێی داتا نێودەوڵەتییەکان، تاران بە تۆمارکردنی پێوەری 197، پلەی شەشەمین پیسترین شارەکانی جیهانی گرتووە.

ئامارەکان دەری دەخەن هەوای هەشت شاری گەورە گەیشتووەتە ئاستی "پرتەقاڵی" کە ئاستێکی ناسروشتی و نەگونجاوە، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، پیسبوونی هەوا باڵی بەسەر ئاسمانی شارەکانی تاران، کەرەج، ئەراک، ئەسفەهان، ورمێ، ئەهواز، تەورێز و مەشهەددا کێشاوە.

بەهۆی ئەم دۆخەوە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان لە ژمارەیەک شاری ئێراندا داخراون و پرۆسەی خوێندن بووەتە ئۆنلاین.
دەستەی کەشناسیی ئێران پێشبینی دەکات، چڕبوونەوەی ماددە پیسکەرەکان لە شارە گەورە و پیشەسازییەکاندا تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین و دابەزینی زیاتری کواڵێتیی هەوا.

بەپێی داتاکان لەمساڵدا دانیشتوانی تاران تەنیا شەش ڕۆژ هەوای پاکیان هەڵمژیوە، بەڵام زیاتر لە نیوەی ڕۆژەکانی ساڵ هەوا پیسبووە بەتایبەت بۆ منداڵان، بەساڵاچووان، نەخۆشانی دڵ و سییەکان و ئافرەتانی دووگیان، مەترسیدار و نەگونجاو بووە. 

لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد دلێری، سەرۆکی کۆمەڵەی زانستیی پیرناسی لە ئێران، ڕایگەیاند، مانەوەی زۆر لەناو هەوای پیسدا، مەترسیی تووشبوون بە دابەزینی توانای تێگەیشتن و نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بە ڕێژەی 10 بۆ 60% زیاد دەکات.

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment