عەلوەی سلێمانی پڕ بووە لە پڕتەقاڵی ڕەنگکراوی ئێرانی

جۆرێک پڕتەقاڵى ئێرانى، کە بە دەرمان ڕەنگ کراوە، لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا بە گوتەى کاسبکارانى عەلوەى سلێمانى کە پێان گوتراوە ئەو پڕتەقاڵە شیاوى خواردن نییە. پسپۆڕانى خۆراکیش باس لە هەندێک نەخۆشى دەکەن کە بە هۆى ئەو ڕەنگکردنى پڕتەقاڵەوە تووشى مرۆڤ دەبێت. 

پڕتەقاڵەکان بۆ ئەوەى وا نیشان بدرێن کە ڕەنگیان جوانە و پێگەشتووە، لە ئێرانەوە ڕەنگ دەکرێن و هەناردەى هەرێمى کوردستانى دەکرێن و بەم شێوەیە لە عەلوەکان دەفرۆشرێن، لە کاتێکدا هێشتا کاتى پێگەشتنى ماوە، هەر بۆیە تاقیگەى کشتوکاڵى عەلوەى سلێمانى نموونەى پشکنینى ئەو دەرمانەى ناردووە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەى دڵنیابن لەوەى کە ئایا شیاوى خواردنە یاخود نا .

سەروەر عەلى، سەرۆکى سەندیکاى عەلوەى سلێمانى، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو پرتەقاڵانەی کە ئەمساڵ بینیومانن لە هیچ سەردەمێک شتی وامان نەبینیوە، سەرۆکی سەندیکای تارانیش بە فەرمی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەم پرتەقاڵانە دەرمانێکی تێکراوە و شیاوی خواردن نییە و زیانی زۆری تەندروستی هەیە.

جیاوازى پڕتەقاڵی ئاسایی  پڕتەقاڵی ڕەنگکراو، لە ڕووى ڕەنگ، بۆن و کوالێتیەوە زۆر جیاوازە ، لە کاتیکدا پڕتەقاڵى ئاسایی ڕەنگەکەى دیارە و هاوشێوەى پڕتەقاڵە ئێرانییەکە نییە.

لای خۆیەوە لەشکر حەمید، پسپۆرى بوارى خۆراک، دەڵێت: ئەو پڕتەقاڵەی کە بە داخەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیمان، لە گیراوەیەک هەڵدەکێشرێ کە ڕەنگێکی دەستکردە ئەو ڕەنگە دەستکردانە مادەی کیمیاوین لە بەرهەمەکانی نەوت دروست دەکرێن.

گوتیشی: ئەو گیراوەیەی سەر پرتەقاڵەکە کە لە بەرهەمەکانی نەوت دروست دەکرێن، ئەگەر بڕێک بچێتە جەستەی مرۆڤەوە هۆکارە بۆ ئەوەی بەرگریی لەش نەهێڵێت، ئینجا لەجەستەدا کەڵەکە دەبێت ئەمەش هۆکارە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

سەرەراى ئەو مەترسییە تەندروستییانەى کە لەسەر ئەم جۆرە پڕتەقاڵە هەیە، بەڵام ئێستا ڕۆژانە زیاد لە 50 تۆن لە نێو عەلوەى سلێمانىیەوە دەچێتە ناو بازاڕەکان و بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment