هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر
پەیامنێری کوردستان24 گوتی: کەمێک لەمەوبەر بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، کەمێک لەمەوبەر بە درۆن دوو جار هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
باسی لەوەش کردووە، لە کێڵگەکە بەردەوام زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ دەدرێت، هەروەها بەهۆی هێرشەکانەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر وەستاوە.
پەیامنێری کوردستان24 ، ڕایگەیاند: بەهۆی هێرشەکانەوە کۆگایەکی گاز گڕی گرتووە و ئاگرێکی گەورەی لێ بەرز دەبێتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی گازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەوەش تەقەیان لێ کرابوون.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.
