مەسرور بارزانی: ئەوەی دڵخۆشی کردم توانای گەنجانی ناوخۆییە
چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دڵخۆشم بەوەی کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی ئێمە بتوانین لێرە مۆبایل و تابلێتی زیرەک دروست بکەین.
گوتیشی: هیوادارم لە هەنگاوەکانی داهاتوودا دروستکردنی هەموو ئەو ئامێرە زیرەکانە هەر لەسەرەتاوە تاوەکوو کۆتایی لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێن، ئەمەش بەهاوکاریی کۆمپانیا بیانییەکان بووە کە زانستی زیاتر دەهێننە ئێرە، بەڵام ئەوەی دڵخۆشی کردم توانای گەنجەکانی خۆمان بووە، کە زۆرینەی ئەو گەنجانەی لەو کارگەیە کاردەکەن گەنجانی هەرێمی کوردستانن.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردنی ئەم گەنجانە ئومێدێکی زۆر دەبەخشێت بەوەی کە ئایندەی کوردستان ئایندەیەکی ڕووناکتر و گەشترە، لەلایەکی دیکەشەوە بارێکی قورستر لەسەر حکوومەتی هەرێم هەڵدەگرێت، کە خەڵک تەنیا چاویان لە کەرتی گشتیی و دامەزراندن نەبێت، هەروەها کەریتی تایبەت خەریکە شوێنی خۆی دەکاتەوە و دەبێتە جێگەی ئومێد.
