کۆمیسیۆن: دەستەی دادوەری 36 تانەی ئەنجامی هەڵبژاردنی یەکلا کردەوە

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: 406 تانەی ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کران، دەستەکەش لە کۆی ئەو ژمارەیە، 36 تانەی  وەڵام داوەتەوە.

چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی ڕاگەیاند: وەک قۆناغی یەکەم 406 تانەی ئەنجامی هەڵبژاردنیان، ڕەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کردووە.

ئاماژەی بەوە کرد، دەستەی دادوەری لە کۆی 406 تانە، وەڵامی 36ـیانی داوەتەوە، هەروەها کۆمیسیۆن خۆی ئامادە کردووە کە 122 تانەی دیکە ڕەوانەی دەستەی دادوەریی بکات و بۆ ئەوەی یەکلایی بکرێنەوە.

غەلای گوتیشی: کۆی گشتی ئەو تانانەی کە کۆمیسیۆن وەڵامەکانیانی ئامادە کردووە گەیشتووەتە 528 تانە لە کۆی 872 تانە.

هەینی، 21ـی تشرینی دووەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی گوتبوو: ژمارەی کۆتایی ئەو تانانەی کە سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن پێشکەش کراون گەیشتووەتە 872 تانە.

باسی لەوەش کردبوو، دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان، لە سەرەتای مانگی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025  ئەنجام درا و ڕێژەی بەشداریی لە سەرانسەری عێراق لە دەنگدانی گشتی بریتی بوو لە 54.35% و ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتیش 82.42% بوو. ڕۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment