کۆشکی سپی ئەمەریکا بەهۆی ڕووداوێکەوە داخرا

لە بەردەم کۆشکی سپی تەقە لە دوو پاسەوانی نیشتمانیی کراوە و بەو هۆیەوە کۆشکەکە داخراوە.

چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مێدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، لە نزیک کۆشکی سپی وڵاتەکە، تەقە لە دوو پاسەوانی نیشتمانیی کرا، بەو هۆیەوە کۆشکەکە داخرا. هێزێکی زۆریش لە بەردەم باڵەخانەی کۆشکی سپی بڵاوەی پێکراوە.

بە گوێرەی مێدیاکانی وڵاتەکە، بەهۆی ڕووداوی تەقەکردنەکەوە کوژراو و بریندار هەن. وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکاش دەڵێت: لەگەڵ دامەزراوە یاسایی و ئەمنییەکانی وڵاتەکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە لە هەماهەنگیدا دەبین.

هەروەها پۆلیسی واشنتن ڕایگەیاند: گومانلێکراوێکیان لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیر کردووە، ناوچەکەش بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵە.

پۆلیسی واشنتن، داواش لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانیان لە شوێنی ڕووداوەکە دووربکەونەوە.

لە بارەی ئەم ڕووداوە کۆشکی سپی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بڕیارە کەمێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی رووداوەکە قسە بکات. 

 
 
Fly Erbil Advertisment