شاخەوان عەبدوڵڵا: سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەر کەرکووک هەوڵی تێکدانی برایەتی نێوان پێکهاتەکان دەدات

شاخەوان عەبدوڵڵا، ڕایگەیاند: ماوەیەکە سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە کەرکووک پشێوی دروستدەکات و هەوڵی تێکدانی برایەتی نێوان پێکهاتەکان دەدات.

چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، بڵاویکردەوە، ماوەیەکە سەرۆکی بەرەی تورکمانی و بەشێوەیەکی بەرنامە دارێژراو هەوڵی ئاژاوە گێڕی و ناسەقامگیری دەدات لە شاری کەرکووک، ئەم کردەوانەی محەممەد سەمعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەگەڵ پێگەی سەرۆکی حزبێک ناگونجێت کە دەبێت ئەرکی لەپێشینەی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و برایەتی نێوان پێکهاتەکان بێت بەتایبەتی لە شاری کەرکووک، چونکە فرە نەتەوە و ئاین و مەزهەبە.

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن محەممەد سمعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی وێنەیەکی خۆی لەگەڕەکی شورجەی تەواو کوردنشین دانا بەبێ ئەوەی ناوبراو کاندید بێت یاخود ئەو گەڕەکە دەنگدەرێکی حزبەکەی ئەوی تێدابیت، ئەو کردەوەی بووە هۆی ئەوەی وێنەکەی بسوتێنرێت و گرژی دروست ببێت، دواتر لەرێگەی بەغداو لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیسان لەلایەن ئەندامانی ئەو حزبەو بە ڕێنمایی محەممەد سمعان هێرش کرایە سەرکەژاوەی ئۆتۆمبێلی حزبە کوردییەکان و هەوڵیاندا سوکایەتی بەئاڵای کوردستان بکەن و ئازاری گەنجەکانمان بدەن، بەهەمان شێوە لە شارۆچکەی پردێ ویستیان هێرش بکەنە سەر چەند گەنجێکی کوردو ئاڵاکانی دەستیان وەرگرن و بیدڕن ، بەڵام ئەوکاتیش لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیونەکانی کەرکوک قسەمان کردو دۆخەکەمان هێور کردەوە لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی شارەکە.

بۆیە داوا دەکەین سنوورێک بۆ ئەم کردەوانە دابنرێت و ڕێگری لە پەرەسەندنی بکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment