ویلایەتی: بوونی حزبوڵڵا بۆ لوبنان لە ئاو و نان گرنگترە
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) جەختی کردەوە، بوونی حزبوڵڵا لەم قۆناغەدا بۆ لوبنان پێویستییەکی ژیانی و حەتمییە.
ویلایەتی ڕایگەیاند: "هێرش و تاوانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل دژی لوبنان، ئەوە دەسەلمێنن کە بوونی حزبوڵڵا بۆ ئەو وڵاتە لە نانی ڕۆژانە گرنگترە." ئاماژەی بەوەشدا، پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە و پابەندنەبوونیان بە بەڵێنەکان، نیشانەی پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
سەبارەت بە کوشتنی هەیسەم تەباتەبایی، ڕاوێژکارەکەی ئێران ئەو کردەوەیەی بە "پێشێلکردنی سەروەریی لوبنان" وەسف کرد و گوتی: "بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حزبوڵڵا هەوڵێکە بۆ چاندنی ترس و دڵەڕاوکێ، بەڵام لوبنان خۆڕاگریی خۆی لە بەرامبەر ئەم پیلانانەدا سەلماندووە."
لە کۆتاییدا ویلایەتی هۆشداریدا لەوەی هەر هەوڵێک بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا دەرئەنجامی کارەساتباری دەبێت، جەختیشی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتیوانیکردنی ئەو حزبە بەردەوام دەبێت، چونکە "حزبوڵڵا هەمیشە فریادڕەسی گەلی لوبنان بووە و کۆتایی بە سەرەڕۆیی دەستدرێژکاران هێناوە."
