کۆریای باکوور دامەزراوەیەکی نوێی پیتاندنی یۆرانیۆم دروست دەکات

وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە کۆریای باکوور سەرقاڵی دروستکردنی دامەزراوەیەکی نوێی پیتاندنی یۆرانیۆمە لەناو یەکێک لە ناوەندە ئەتۆمییەکانیدا. ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە پلانی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ بەهێزکردنی جبەخانەی ئەتۆمی لە ساڵی 2025 لێکدەدرێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت، گرووپی چاودێریی "38ـی باکوور" کە بارەگاکەی لە واشنتنە، شیکارییان بۆ ئەو وێنانە کردووە، لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەمی ئەمساڵدا گیراون. شیکارییەکان ئاماژە بە بەردەوامیی هەوڵەکانی مۆدێرنکردن و فراوانکردنی "ناوەندیی توێژینەوەی ئەتۆمیی یۆنگبیۆن" دەکەن، کە بە دڵی بەرنامە ئەتۆمییەکەی پیۆنگ یانگ دادەنرێت و شوێنی سەرەکیی بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم و یۆرانیۆمی پیتێنراوە.

ڕاپۆرتەکەی "38ـی باکوور" ئاشکرای کردووە، کۆمەڵگەیەکی گەورە و قایمکراو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاقیگەی تیشکی کیمیایی دروست دەکرێت. هەروەها بیناکە دوو نهۆمییە و هۆڵێکی ناوەندیی هەیە؛ دیزاینەکەی لە دامەزراوەی "کانگسۆن" دەچێت، گومان دەکرێت کارگەیەکی نهێنیی پیتاندنی یۆرانیۆم بێت. شەش یەکە لە تەنیشت بیناکە دەرکەوتوون کە لە "گەرماگۆڕ" (Heat Exchangers) دەچن؛ ئەمانە بۆ ساردکردنەوەی سەنتەرفیوژەکان و پاراستنی جێگیریی پلەی گەرمی لە پرۆسەی پیتاندندا بەکاردێن.

جگە لە دامەزراوەی پیتاندنەکە، وێنەکان فراوانبوونی خێرای دامەزراوەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی پاشماوە تیشکدەرەکان لە یۆنگبیۆن نیشان دەدەن. هەروەها کارەکانی تەختکردنی زەوی لە دەوروبەری بینایەکی پشتیوانی لە باشووری دامەزراوەکە بەدی دەکرێت، هەرچەندە تا ئێستا ئامانجی ئەو بینایە نادیارە.

ئەم پەرەپێدانە خێرایە هاوتەریبە لەگەڵ فەرمانەکانی کیم جۆنگ ئون کە ساڵی 2025ـی بە ساڵێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی هێزی ئەتۆمی وەسف کردووە. ناوبراو لە سەرەتای ئەمساڵدا ڕێنمایی دەرکرد بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی ماددە ئەتۆمییەکان و داوای کرد بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ چەک دوو هێندە بکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment