بزوتنەوەی گۆڕان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بکەرانی هێرشەکەی کۆرمۆر بدۆزرێنەوە

کاردانەوەکانی هێرشەکەی کۆرمۆر لە ناوخۆ و دەرەوە بەردەوامە و بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەنڕاوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات و داوا دەکات بەزووترین کات بکەرانی بدۆزرێنەوە.

چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاندراوێکی لەسەر هێرشەکەی شەوی ڕابردوو کۆرمۆر بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیەنراوەکە دا هاتووە، شەوی ڕابردوو، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنوری شارۆچکەی چەمچەماڵ، ئەمە لەکاتێکدا ئیدانەی ئەم هێرشە و عەقڵیەتی پشت هێرشەکان، بۆ سەر گرنگترین سەرچاوەی وزە و ڕوناکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین.

بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کردووە، حکوومەتی فیدراڵ بە جیدی بێتە مەیدان بۆ دۆزینەوەی بکەرانی هێرشەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەریان.

هەروەها باسی لەوە کرد، چیتر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم دوانەخرێت، چونکە چەند ئەو هێرشانە مەترسین بۆ سەر کیانی سیاسیی و ئاسایش و ژێرخانی ئابوریی هەرێم، کارانەکردنەوەی دامەزراوە شەرعیەکان لێکەوتەی نەرێنی دابێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.

هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا،  بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.

هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتنەکانی ڕووداوەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەکەوەش تەقەیان لێ کرابوون.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە تشرینی یەکەمی 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا.

 
Fly Erbil Advertisment