هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە: سوودانی کاندیدی ئێمەیە بۆ خولی دووەم

هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پەردە لەسەر هەوڵەکانی مانەوەی محەممەد شیاع سوودانی لە پۆستەکەی هەڵدەدات و ڕایدەگەیەنێت، جۆرێک لە ئاسوودەیی و ڕەزامەندی لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دروست بووە بۆ نوێکردنەوەی خولێکی دیکەی و هیچ لایەنێک ڤیتۆی لەسەر ناوبراو نییە.

فیراس مەسلماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە بە فەرمی ئاشکرای کرد، محەممەد شیاع سوودانی کاندیدی سەرەکیی ئەوانە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران لە کابینەی داهاتوودا.

 ناوبراو دڵنیایی دەدات، تا ئێستا هیچ ڤیتۆیەکی سیاسی لەسەر دووبارە کاندیدکردنەوەی سوودانی بوونی نییە و تەنها چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو هەنگاوە.

سەبارەت بە وردەکاریی گفتوگۆکانی نێو ماڵی شیعی، گوتەبێژەکە ڕوونیکردووەتەوە، لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی داڕشتنی میکانیزمە دەستوورییەکانە، بەتایبەت شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی حکوومەت و دیاریکردنی بەرنامەی وەزاری. مەسلماوی جەختی لەوە کردەوە، هەرچەندە پێویستە بۆ فراوانکردنی دیدگای سیاسی زیاتر لە بژاردەیەک لەبەردەستدا بێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی چوارچێوەکەدا نییە پێگەی سەرۆکوەزیران لاواز بکرێت، چونکە بە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە وڵاتدا ئەژمار دەکرێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش داوە، وێڕای ئەوەی سوودانی کاندیدی بەهێزی ئەوانە، بەڵام پرۆسەی دیموکراسی ڕاناگیرێت و هێزە سیاسییەکانی دیکەش مافی خۆیانە کاندیدی تایبەت بە خۆیان هەبێت و لەڕێگەی خستنەڕووی کارنامەی بەڕێوەبردنەوە بچنە کێبڕکێی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

 
Fly Erbil Advertisment