لوبنان: لە ماوەی ساڵێکدا 335 هاووڵاتیی لوبنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون
دەسەڵاتدارانی لوبنان ئامارێکی نوێیان بۆ ژمارەی کوژراو و برینداران لە ماوەی ساڵێک دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ هەینی، 28ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند، ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل لەوەتەی واژۆکردنی ئاگربەست لە 28ی تشرینی دووەمی 2024 تاوەکو 27ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەم شێوەیەیە:
ژمارەی گیانلەدەستدان: 335
ژمارەی برینداران: 973
کۆی گشتی: 1308
هەروەها حکوومەتی لوبنان پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست نوێ کردەوە و ئیسرائیلی بە بەرپرسیار دانا بۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە.
جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: لوبنان پێشوازی لە هەر هاوکارییەک دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە پێشکەشی بکەن بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە باشوور و ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل کە پەلی کێشاوە بۆ باشووری بەیرووت.
عۆن جەختی لەوە کردەوە لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، لوبنان بە تەواوی پابەند بووە بە بڕگەکانی.
ئاماژەشی دا ئیسرائیل بەردەوامە لە داگیرکردنی بەشێک لە ناوچە سنوورییەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکانی بێ گوێدانە داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێزگرتن لە ئاگربەست و پابەندبوون بە بڕیاری ژمارە 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایش.
سەرۆکی لوبنان ڕاشیگەیاند، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین دەستپێشخەریی بۆ دانووستان خستووەتە ڕوو بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژ خایەن بۆ دۆخی ئێستا، بەڵام هیچ وەڵامێکی کردەیی پێنەگەیشتووە سەرەڕای وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم دەستپێشخەرییانە، کە کۆتا داواکاریی لە ڕۆژی سەربەخۆیی لوبنان بوو.
لە لای خۆیەوە، نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، لوبنان لە جەنگێکی پەکخستنی (استنزاف) یەکلایەنەدایە کە بەرەو هەڵکشان دەچێت.
هاوکات یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە هەڕەشەی نوێی بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دژی لوبنان ڕاگەیاند ئەگەر "حزبوڵڵا" تا کۆتایی ساڵ دەستبەرداری چەکەکەی نەبێت.
سوپای ئیسرائیل سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان هەردوو وڵاتدا، ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر لوبنان و لە ڕێگەی بۆردومانەوە ئەندامان و سەرکردەکانی "حزبوڵڵا" دەکاتە ئامانج، کە دیارترینیان لەم دواییانەدا تیرۆرکردنی سەرکردەی باڵای حزبەکە، عەلی هەیسەم تەبتەبائی بوو لە باشووری بەیرووت.
