پیسبوونی هەوا خوێندنی سەرەتایی لە پارێزگای ورمێ ڕاگرت
پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی پیسبوونی هەواوە سبەی شەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2025، لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی ناوەندی ورمێ و سنووری 11 شاری پارێزگاکە پشووی فەرمی دەبێت، هاوکات سەرجەم پاڵاوگە و کارگە پیشەسازییەکان تا پاکبوونەوەی هەوا دادەخرێن.
پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بڕیاری پشووەکە لە ورمێی ناوەندی پارێزگاکە و شارەکانی مەهاباد، خۆی، بۆکان، سەلماس، شنۆ، نەغەدە، شاهین دژ، میاندواب، باروق و چوار بورج، لە سەرجەم قوتابخانە سەرەتاییەکان و باخچەی ساوایان حکوومی و ناحکوومی دەگرێتەوە؛ باسی لەوەش کردووە، خوێندنی هەر دوو دەوامی بەیانیان و دوا نیوەڕۆیان بە ئۆنلاین دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەی پارێزگای ورمێ هاتووە، ئەو دایکانەشی منداڵی شەش ساڵان بەرەو خواروویان هەیە، لە فەرمانگەکاندا دەوامیان بۆ کەم دەکرێتەوە و بە نۆرە دەوام دەکەن.
هەروەها هۆشداری داوەتە خەڵکی ئەو شارانە، بە تایبەت ئافرەتانی دووگیان، منداڵان، پیر و بەساڵاچووەکان، ئەوانەی نەخۆشی تەنگەنەفەسی و دڵیان هەیە، لە ماڵەکانیان بمێننەوە بۆ کاری گرنگ و پێویست نەبێت، لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
هاوکات پارێزگاری ورمێ ڕایگەیاندووە، سەرجەمی ئەو پاڵاوگە و کارگە پیشەسازییانەی تاوەکوو 50 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکان دوورن، بە تایبەت کارگەکانی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ، خشت، گەچ، ئاسن و کانزاکان، چەو و ئیزوگام، کار و چالاکییەکانیان ڕادەگیرێت، تا ئەو کاتەی هەوای شارەکان و ناوچەکە پاک دەبێتەوە.
