ڕاگرتنی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق قەیرانی کارەبا لەو وڵاتە قووڵتر دەکاتەوە
وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی کاری چاکردنەوە لە بۆرییەکانی غاز لە نێو خاکی ئێران، ئەو وڵاتە هەناردەکردنی غازی بۆ عێراق بە تەواویی ڕاگرت، ئەو کورهێنانەشی کە لە دابینکردنی کارەبا ڕوودەدات چارەی دەکەین و پلانی جێگرەوەمان هەیە.
هەینی، 28ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی گوت: لایەنی ئێرانی لە ڕێگەی ناردنی پەیامێکی فەرمییەوە وەزارەتمانی ئاگادار کردبووەوە، کە بەهۆی کاری چاکردنەوەی بۆرییەکانی غاز لە نێو خاکی ئێراندا، ئەو وڵاتە بۆ ماوەی هەفتەیەک هەناردەکردنی غازی بۆ عێراق بە تەواویی ڕاگرتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا سێ ڕۆژ بەسەر وادەی ڕاگرتنی هەناردەی غازەکە تێپەڕیوە، بڕیارە چوار ڕۆژی دیکە لەگەڵ تەواوبوونی کارەکانی چاککردنەوەی بۆرییەکان، جارێکی دیکە پرۆسەی هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق دەست پێبکاتەوە.
ناوبراو لە بارەی کاریگەریی ڕاگرتنی هەناردەی غاز، لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوبەشان، گوتی: وەزارەتمان پلانی جێگرەوەی هەیە، بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، تا ئەو کاتەی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق دەست پێدەکاتەوە.
زۆربەی وێستگە نوێیەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق وەک؛ وێستگەکانی بەسمایە، مەنسورییە، سەدر و ئەوانی دیکە، بە غاز کار دەکەن، وڵاتەکەش غازی پێویستی نییە تا بۆیان دابین بکات، بۆیە بە ناچاری پشت بە غازی ئێران دەبەستێت، نزیکەی 30% بۆ 40%ـی کارەبای عێراق پشت بەو غازە دەبەستێت کە لە ئێرانەوە هاوردەی دەکات.
کاتێک پێدانی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق دەوەستێت، ئەو وڵاتە هەزاران مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی لە دەست دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوبەشان بە شێوەیکی بەرچاو کەم ببێتەوە.
بە پێی زانیارییەکان، عێراق ڕۆژانە پێویستی بە 50 بۆ 55 ملیۆن پێ سێجا غاز هەیە بۆ دابینکردنی حەوت بۆ هەشت هەزار مێگاوات کارەبا.
کاتێک ئێران بڕی هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ عێراق کەم دەکاتەوە، بڕی غاز لەو وڵاتە دادەبەزێت بۆ نزیکەی 5 تا 10 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق شەش بۆ حەوت هەزار مێگاوات کارەبا لە دەست بدات.
هەروەها عێراق بە شێوەیەکی گشتی، ڕۆژانە هەزار و 200 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکات، بەڵام بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆرەوە هاوردەکردنەکە وەستاوە.
