دوای کەمتر لە دوو هەفتە.. هاتوچۆی هەولێر بڕیاری کەمکردنەوەی خێرایی ڕێگای هەولێر - دهۆکی دەرکرد

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بڕیاریدا کۆتایی بەو تاقیکردنەوەیە بهێنێت کە تێیدا خێرایی ڕێگای سەرەکیی هەولێر - دهۆکی زیاد کردبوو، و ڕایگەیاند: لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە خێراییەکە بۆ دۆخی پێشووی دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی بڕیارێکی نوێی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پاش ئەوەی لە ڕێکەوتی 17ـی تشرینی دووەمی 2025ـەوە خێرایی ڕێگای هەولێر - دهۆک لە شەقامی گەزنەـەوە تا گوندی چەمە لە 100 کیلۆمەترەوە بۆ 110 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد کرابوو، دەرکەوتووە ئەو گۆڕانکارییە لەگەڵ دۆخی ئێستای ڕێگاکەدا یەکناگرێتەوە.

دوای چاودێریکردنێکی ورد و ئەنجامدانی دیراسەی مەیدانی بۆ شێوازی جووڵەی ئۆتۆمبێل و لێخوڕین لەو ماوەیەدا، تیمە هونەرییەکانی هاتووچۆ گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە زیادکردنەکە تەنها وەک تێستێکی تەکنیکی بۆ کامێراکان بووە و مانەوەی بەو شێوەیە گونجاو نییە.

لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتی و بەدوورگرتنی گیانی هاوڵاتیان لە مەترسیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاری داوە لە ڕێکەوتی 1ـی کانوونی یەکەمی 2025ەوە خێرایی ڕێگاکە کەم بکرێتەوە و وەک پێشووی لێ بکرێتەوە، واتە دەبێتەوە بە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment