پێشەوا هەورامانی: داهاتووی ئێمە بەکاری ترسنۆکانە لەناو نابرێت و ڕووناکی بەسەر تاریکی سەردەکەوێت
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بە هێرشەکەی ئەمڕۆوە ئەمە 11مین جارە بە درۆن هێرشدەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.
پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ڕایگەیاند: بەهێرشەکەی ئەمڕۆوە ئەمە 11ـمین جارە، بە درۆن هێرشدەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لە دەرئەنجامی هێرشە ترسنۆکانەکە زیان بەر خەزانی غاز کەوتووە بەڕێژەیەکی زۆر، تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ئەمرۆ لە دوای ڕووداوەکە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکەن و بەیانی بە دیاریکراوی ڕووندەبێتەوە چەند کاتمان پێویستە بۆ ئەوەی بزانین کەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەکەینەوە،بەڵام هەوڵی تەواو دەدەین شەوو ڕۆژ کاربکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە، پێویستە گەرەنتی بدرێت لەلایەن حکوومەتی فیدراڵ ئەم کارە دوبارە نابێتەوەو ئەوانەی ئەنجامیانداوە ناوو لایەنی پاڵپشتیکارییان ئاشکرابکرێت و توندرین سزا بدرێن.
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناگەڕێتە دواوە لە پرۆژە و کارە گەورەکانی و داهاتووی ئێمە بەکاری ترسنۆکانە لەناو نابرێت و ڕووناکی بەسەر تاریکی سەردەکەوێت، ئیرادەو خەونی میللەتی ئێمە بۆ بونیادنان لە ئارەزوی تێکدەرانەی تاریکپەرستان گەورەترە.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
