هۆن کۆنگ.. ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەکەوە گەیشتە 128 کەس

بەرپرسی ئاسایشی هۆنگ کۆنگ ڕایگەیاند ژمارەی قوربانییانی ئاگرەکەی هۆنگ کۆنگ گەیشتە 128 کەس کە بە خراپترین کارەساتی ئاگرکەوتنەوەیە لە 80 ساڵی ڕابردوودا دادەنرێت، دەشڵێت هەوڵەکانیان بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان کۆتاییهاتووە، هەروەها ژمارەیەک کەسیشیان دەستگیر کردووە.

هەینی، 28ـی تشرینی دووەمی 2025، کریس تانگ، بەرپرسی ئاسایشی هۆنگ کۆنگ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون گەیشتووەتە 128 کەس و نزیکەی 200 کەسیش هێشتا بێسەروشوێنن؛ دەشڵێت: لانی کەم 79 کەس بریندار بوون، کە 12 کەسیان کارمەندی ئاگرکوژێنەوەن. هاوکات ژمارەیەک کرێکاری بیانیش بوونەتە قوربانی؛ کونسوڵخانەی ئەندۆنیسیا گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی وڵاتەکەی پشتڕاست کردەوە، هەروەها 19 کرێکاری فلیپینیش هێشتا بێسەروشوێنن.

لەبارەی هۆکاری تەشەنەکردنی ئاگرەکە و زوو کۆنترۆڵنەکردنی گوتی: زەنگەکانی ئاگادارکردنەوەی ئاگر لە کۆمەڵگەکەدا بە باشی کاریان نەکردووە، باسی لەوەش کرد، هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردن هاووڵاتییان کۆتاییان هاتووە.

کۆمەڵگەکە کە شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر لە 4,600 کەسە، بەهۆی کاری نۆژەنکردنەوەوە بە داربەستی بامبۆ و تۆڕی سەوز داپۆشرابوو، پۆلیس ڕایگەیاند، سێ بەرپرسی کۆمپانیای بیناسازییان بە گومانی "کوشتنی بەهەڵە" دەستگیرکردووە، بەهۆی بەکارهێنانی کەرەستەی خراپ، لەوانە تەختەی فۆمی ئاگرگرتوو کە بووەتە هۆی گیرانی پەنجەرەکان.

هەروەها پۆلیس دوو بەڕێوەبەر و ڕاوێژکارێکی ئەندازیاریی کۆمپانیای (Prestige Construction)ی دەستگیرکردووە، کە حکوومەتی چین دەڵێت: زیاتر لە ساڵێکە کاری چاککردنەوە لەو کۆمەڵگەیە دەکەن. ئەیلین چانگ، ئەفسەری پۆلیس لەو بارەوە ڕایگەیاند: هۆکاری سەلمێنەرمان هەیە کە لایەنە بەرپرسەکانی کۆمپانیاکە کەمتەرخەمیی گەورەیان کردووە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە بە شێوەیەک کۆنترۆڵ نەکرێت.

ئەمڕۆ هەینی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد، ئێستا خێزانەکان هەوڵدەدەن کەسوکارە قوربانییەکانیان بناسنەوە، ئەم ڕووداوە بە کوشندەترین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە دادەنرێت لە هۆنگ کۆن دوای ڕووداوەکەی ساڵی 1948 کە تێیدا 176 کەس گیانیان لەدەستدا.

جۆن لی، سەرۆکی ئیدارەی هۆنگ کۆنگ لەو بارەوە ڕایگەیاند، حکوومەتی وڵاتەکەی سندووقێکی 39 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بۆ هاوکاریکردنی دانیشتووان تەرخان دەکات.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، ئاگر لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (وانگ فوک کۆرت) لە ناوچەی (تای پۆ)ی باکووری شارەکە کەوتەوە، کە لە هەشت تاوەری 32 نهۆمی پێکهاتووە.

 
Fly Erbil Advertisment